پۆلیسی ئەمەریکا ڕایگەیاند پیاوێک لە ئاهەنگێکی یادی لەدایکبووندا لە ویلایەتی کۆلۆڕادۆ تەقەی کردووە و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژراون و دواتریش خۆی کوشتووە.
پۆلیسی شاری کۆلۆڕادۆ سپرینگز وتی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندییەکی تەلەفونی بەپەلەیان بۆ هاتووە و تیایدا شوێنێکیان پێ وتراوە کە شوێنی وەستانی خانووە گەڕۆکەکان بووە، دواتر پۆلیس لە یەکێک لە خانووە گەڕۆکەکاندا شەش کوژراو و کەسێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە کە برینەکانی سەخت بوون.
وتیشی بریندارەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس لە بەیاننامەکەدا ڕوونیکردەوە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کۆمەڵێک خزم و هاوڕێ لە خانووە گەڕۆکەکەدا بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی یەکێکیانەوە ئاهەنگیان گێراوە و لەو کاتەدا کەسێک هاتۆتە ناو شوێنەکەوە و تەقەی کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە " گومانلێکراوەکە هاوڕێی یەکێک لە قوربانییەکانە و بە ئوتومبێلەکەی خۆی چۆتە ئەو شوێنە و تەقەی لەو کۆمەڵە کەسە کردووە کە خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون و دواتریش خۆی کوشتووە."
وتیشی " هێشتا لێکۆڵینەوە لە پاڵنەری هێرشەکە دەکەین."
پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو هیچ کام لەو منداڵانەی کە لە ئاهەنگەکەدا بوون بریندار نەبوون.
سەرۆکی پۆلیسی کۆلۆڕادۆ سپرینگز ڤینس نێسکی وتی " توشی سەرسوڕمانێکی زۆر بووین، ئەمە شتێکە دەخوازیت هەرگیز لە کۆمەڵگاکەتدا ڕوونەدات."
سەرچاوە/ فرانس پرێس