Accessibility links

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران: لە هێرشێکدا لە هەرێمی خوزستانی ئێران لانیکەم 5 کەس کوژران


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر هەرێمی خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران لانیکەم پێنج کەس کوژراون، دەزگاکە هێرشەکەی بە " هێرشێکی تیرۆریستی" ناوبرد.

کەناڵی دەوڵەتی ئێران وتی بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر بازاڕێکی شاری ئیزە 15 کەسی دیکە بریندار بوون. دەزگای هەواڵی ئیسنای ئێرانیش وتی دوو چەکدار لە ئوتومبێلەکەیانەوە تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە.

عەرەبە کەمینەکان کە زۆرینەیان لە خوزستان دەژین، بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کردووە کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا.

بەرپرسی ناوخۆی هەرێمەکە ڤەلیۆڵا حەیاتی بە کەناڵی دەوڵەتی وت " پێنج کەس لە هێرشە تیرۆریستییەکەدا کوژراون، منداڵێک و دوو ئافرەت و سێ پیاوییان تێدا بووە."

دەزگای هەواڵی ئیسنا بڵاویکردەوە دوو ئەندامی خۆبەخشی گروپی چەکداری باسیج لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر مەزارگەیەکی شاری شیرازی ئێرانی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی 15 کەس و بریندار بوونی دەیان کەسی دیکە.

دەزگای هەواڵی تەسنیمی ئێران وتی قوتابخانەیەک لە ئیزە لەلایەن خۆپیشاندەرەکانی دژ بە حکومەتەوە سوتێندراوە. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، بینای قوتابخانەکە ئاگری تێبەربووە و دەنگی تەقەش دەبیسترێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG