Accessibility links

لە هێرشێکدا بۆ سەر مەراسیمێک لە ئەفغانستان 27 کەس کوژران


کاربەدەستێکی ئەفغانستان دەڵێت ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر مەراسیمێک کە ڕێکخرابوو بۆ ساڵیادی مەرگی ڕێبەرێکی شیعە لە کابولی پایتەخت و لە ئاکامدا 27 کەس کوژراون.

وەحیدوڵڵا میار گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان گوتی جگە لەو 27 کەسەی کوژراون بە لایەنی کەم 55 کەسی دیکەش برینداربوون.

نەسرەت ڕەحیمی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ گوتی هەموو قوربانیـیەکان کەسی سیڤیلن.

ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی سیاسی کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو، لەوانە عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا کە ڕکابەرێکی سەرەکی بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ڕابردوو.

تاڵیبان لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە. بەڵام پـێشتر داعش چەندین هێرشی لەم جۆرەی کردووەتە سەر شیعەکانی ئەفغانستان.

مەراسیمەکە بۆ 25 هەمین ساڵیادی مەرگی عەبدولعەلی مزاری، ڕێبەری پـێشووی نەتەوەی هەزارەی زۆرینە شیعە بوو کە لە ساڵی 1995 بە دەستی تاڵیبان کوژرا کاتێک هێرشیان کردە سەر کابول.

هەروەها مەراسیمەکە لە ناوچەی دەشتی ئەلبرشی شیعەکانی کابول بەڕێوەچوو و زۆربەی ئامادەبووان شیعە بوون.

XS
SM
MD
LG