Accessibility links

وڵاتانی کەنداو: گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە دەبێت بەرنامە موشەکییەکەی ئێرانیش بگرێتەوە


وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وتیان جیاکردنەوەی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران و ڕەفتارە " تێکدەرەکانی " لە ناوچەکە لە گفتوگۆکاندا لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە مەترسیدارە، هەروەها دووبارە داوایان کردەوە لە گفتوگۆکاندا بەشدارییان پێبکرێت.

ڕۆژی سێشەممە زلهێزەکانی جیهان و ئێران چوونە خولی شەشەمی دانوستانەکانی ڤییەناوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 کە لەلایەن سعودیە و هاوپەیمانەکانیەوە دژایەتی کرا.

لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

لەلای خۆیەوە ئێران ئەو هەوڵانە ڕەت دەکاتەوە کە بۆ زیادکردنی بابەتی دیکە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەدرێن کە تەنها سەبارەت بە سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەیەتی و لەبەرامبەریشدا لابردنی سزا نێودەوڵەتیەکانە لەسەر تاران. سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش دەیەوێت ئەو ڕێکەوتنە زیندوو بکاتەوە کە دانۆڵد ترامپ دەستبەرداری بوو.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی داوایان کرد ڕێکەوتنێک واژۆ بکرێت تیایدا کۆتوبەندەکان توندتر و درێژخایەنتر بن، ئەوەش لەپێناو ڕێگەگرتن لە هەڵگیرسانی پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن و زیادبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا.

دوای کۆبوونەوەکەیان لە ڕیازی سعودیە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا وتیان دەبێت وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەشدارییان پێبکرێت لە دانوستانە جیهانییەکاندا لەگەڵ تاران و ئامادەن بۆ " هاریکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ناوەکی ئێراندا بەشێوەیەکی جددی و چالاک، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە سەروەری و سیاسەتەکان و باشبوون لەگەڵ دراوسێدا."

لە بەیاننامەکەدا جەخت لە " مەترسی دەرەنجامی جیاکردنەوەی بەرنامە موشەکییەی ئێران و پشتیوانییەکانی بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا " کراوەتەوە، هەروەها داوایان لە تاران کرد دانوستانەکان بەجددی وەربگرێت و خۆی بەدووربگرێت لە زیادکردنی گرژییەکان.

جێی ئاماژەیە سعودیە و ئێران کە لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی نێوانیان بڕی، لە مانگی چواردا دانوستانی ڕاستەوخۆیان لە عێراق ئەنجامدا، ئەوەش بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

ڕکابەرایەتییەکانی سعودیە و ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، لەوانەش یەمەن کە هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە دژی حوسییەکانی یەمەن دەجەنگن کە هاوپەیمانی ئێرانن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG