Accessibility links

گواتیمالا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە ئیسرائیل بۆ ئۆرشەلیم دەدات


جیمی مۆڕالس، سەرۆکی وڵاتی گواتیمالا لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ستایش دەکرێت بەهۆی بڕیارەکەیەوە بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە شاری تەلەئەڤیڤ بۆ شاری ئۆرشەلیم.

لە ئەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک، سەرۆکی گواتیمالا نوسیویەتی بڕیاری داوە بە گواستنەوەی باڵیوزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل پاش ئەو وتووێژەی لەگەڵ بەنجامین نەتەنیاهۆ سەرەک وەزیری ئیسرائیلدا کردوویەتی.

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەشی ئەم مانگی دوازدەیە بە فەرمی شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیل ناساند.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ بووە مایەی ناڕەزایی و توڕەیی لە هەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیشدا.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش 128 وڵات لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرەنگاری ئەو بڕیارەی سەرۆک ترامپ بوونەوە لە ڕێی پەسەندکردنی بڕیارێک کە مەرج نییە جێبەجێبکرێت و تیایدا داوا لە واشنتۆن کراوە ئەو بڕیارە هەڵبەشێنێتەوە کە دان بە شاری ئۆرشەلیمدا دەنێت وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل.

گواتیمالا و هۆندوراس تەنها دوو وڵاتێک بوون لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پشتیوانیان لە ڕوانینەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاش کرد.

یوڵی ئێدڵشتاین سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بۆ سەرۆکی گواتیمالای نوسیوە کە بڕیارەکەی دەیسەلمێنێت خۆیی و گەلی گواتیمالاش دۆستی ڕاستەقینەی ئیسرائیلن.

هێشتا نەزانراوە کەی گواتیمالا باڵیۆزخانەکەی دەگوێزێتەوە بۆ ئۆرشەلیم بەڵام کاربەدەستان دەڵێن دەکەوێتە پاش گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ ئۆرشەلیم.

XS
SM
MD
LG