Accessibility links

دادگای باڵای یۆنان مافی پەنابەری سیاسی بۆ سەربازێکی تورک پەسەندکرد


دادگای باڵای یۆنان تانەیەکی حکومەتی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە لە بارەی یەکێک لەو هەشت سەربازە تورکەی بە هەلیکۆپتەرێک بۆ وڵاتەکەیان هەڵهاتن لە پاش هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا.

حکومەتی یۆنان تانەی گرتبوو لە بڕیارێکی پـێشووی دادگایەکی وڵاتەکەی بۆ پـێدانی مافی پەنابەری بە یەکێک لە سەربازەکان بە ناوی سولەیمان ئۆزکینکچی کە فڕۆکەوانی هەلیکۆپتەرەکە بوو. بەڵام دادگای باڵا ئەمڕۆ سێشەممە تانەکەی حکومەتی ڕەتکردەوە و پـێدانی مافی پەنابەری سیاسی بۆ پەسەندکرد.

دادگاکە لە بڕیارەکەی گوتی هیچ بەڵگەیەک نیـیە بیسەلمێنێت سولەیمان ئۆزکینکچی پەیوەندی بە هەوڵی کودەتاکە یان بزوتنەوەکەی فەتحوڵڵا گولەنەوە هەبووبێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ناوبراو کەسێکی سیکیولارە و بیروباوەڕی ڕۆژئاوایی هەیە.

بەمەش سێ لەو هەشت سەربازە تورکە مافی پەنابەریان لە یۆنان وەرگرت.

دەسەڵاتدارانی تورکیا لای خۆیانەوە بە توندی بڕیارەکەی دادگای باڵای یۆنانیان سەرزەنشتکرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی ئەم بڕیارە پـێچەوانەی وابەستە نێودەوڵەتیـیەکانی یۆنانە لە بواری نەهێشتنی تێرۆرزم.

لە لایەکی دیکە عومەر چێلیک گوتەبێژی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "بەم بڕیارە زۆر ڕوونە دادوەری یۆنان لایەنی دوژمنانی تورکیا و کودەتاچیـیەکانی گرتووە. ئەمە زۆر زیاتر لە پشتیوانیکردنی تێرۆرزم مەترسیدار و جێی شەرمە."

پاشان نووسیویەتی" بە توندی لە شەڕمان لە دژی کودەتاچیـیەکان بەردەوام دەبین وەک چۆن لە دژی تێرۆرزم بەردەوامین. لەم شەڕەدا هەرگیز لە یادی ناکەین ئەوەی پشتیوانی لە تێرۆرستان دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی چەک بۆیان و ئەوەشی لە ڕێگەی بڕیاری دادوەری پارێزگاری لە کودەتاچیـیەکان دەکات."

XS
SM
MD
LG