Accessibility links

سەربازانی یۆنان تەقەی ئاگاداری بە لای هەلێکۆپتەرێکی تورکیا دەکەن


سەربازانی یۆنان تەقەیان بە لای هەلیکۆپتەرێکی تورکیا کردووە کە لە دورگەیەکی وڵاتەکەیانەوە نزیکبووبووەوە.

سەرچاوەیەک لە لەشکری یۆنان ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هەلیکۆپتەرێک کە پـێدەچوو هی پاسەوانانی کەنارەکانی تورکیابێت لە سنووری نێوان ئاسمانی هەردوو وڵات سووڕاوەتەوە و لە دورگەی "ڕۆ" نزیکبووەتەوە، بۆیە سەربازەکان تەقەیان بە لایدا کردووە تاوەکو ئاگاداری بکەنەوە لەوەی سنوورەکە نەبەزێنێت.

سەرچاوەکە گوتوشیەتی پاش سەیرکردنی زانیارە تۆمارکراوەکانی ڕادارەکانیان بۆیان دەرکەوتووە هەلیکۆپتەرەکە لە پاش تەقەکردنەکە لە ئاسمانی ناوچەکە دورکەوتووەتەوە و ئاسمانی یۆنانی نەبەزاندبوو.

پەیوەندیـیەکانی نێوان تورکیا و یۆنان گرژیـیان تێکەوت لە پاش ئەوەی دادگاکانی یۆنان ڕەتیانکردەوە 8 سەربازی تورک ڕادەستی ئەنکەرە بکرێنەوە کە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تۆمەتبارکراون. پاشان لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ تورکیا 2 سەربازی یۆنانی لەسەر سنووری نێوانیان دەسـتگیرکرد بە تۆمەتی سیخوڕی و بەزاندنی خاکی تورکیا. ئەم ڕووداوەش هێندەی دیکە پەیوەندیـیەکانی ئاڵۆزترکردن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ساڵی 1996 هەردوو وڵات لە لێواری شەڕ نزیکبوونەوە پاش ئەوەی لەسەر دورگەی ئیمیا ناکۆکی لە نێوانیان دروستبوو، بەڵام دواتر لە ژێر فشاری دیپـلۆماتی ئەمەریکا کۆتایی بە ناکۆکیـیەکە هێنرا.

XS
SM
MD
LG