Accessibility links

یۆنانیـیەکان ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر نەخشەی پەرلەمانتارێکی تورکیا دەردەبڕن


چەند کەشتیەکی هێزی دەریایی فەڕەنسا و یۆنان لە دەریای ناوەڕاست

یۆنانیـیەکان ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر پەرلەمانتارێکی تورکیا کە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە نەخشەیەکی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا قوبرس و بەشێکی یۆنان و باکوری سوریا و باکوری عێراق و ئەرمینیای بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی داناوە.

مەتین کولونک، ئەندامی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتداری تورکیا ماوەی دوو ڕۆژە لەسەر تویتەرەکەی چەند جارێک نەخشەکەی داناوەتەوە و لەگەڵیدا هوشداری بە یۆنانیـیەکان دەدات لە ئاکامی مەترسیـیەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ.

دەشڵێت ئێستا تورکیا بە گیانی ساڵی 1071 وە گەڕاوەتەوە مەیدان و هەنگاوی گەورە بەرەو پـێشەوە دەنێت و ڕوو لە سوریا و دەریای ناوەڕاست و ئەفریکا دەکات. دەڵێت میللەتی تورکیا لە ساڵی 1938 وە نووستبوو و ئێستا لەو خەوە هەستاوە.

یۆنانیـیەکانیش وەک کاردانەوەیەک بە توندی لە ڕێگەی تویتەرەکانیانەوە وەڵامیان داوەتەوە.

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەو مانۆڕە لەشکریـیەی فەڕەنسا و یۆنان و قوبرس و ئیتالیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەستیانپـێکردووە.

حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی ناردنی فڕۆکەی لەشکری فەڕەنسا بۆ بەشی یۆنانی قوبرس پـێشێلکردنی پەیماننامەی تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی دورگەکە. گوتیشی هەڵوێستی فەڕەنسا هانی یۆنان و قوبرس دەدات بە شێوەیەکی مەترسیدار گرژیـیەکان لە ناوچەکە زیابکەن.

ڕۆژی چوارشەممە یۆنان ڕایگەیاند، پاش ڕێکەوتنی دەریایی لەگەڵ ئیتالیا، بڕیاری داوە ئاوی دەریای ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەریای یۆنان لە 6 میلەوە بۆ 12 میل زیابکات. تورکیاش دەڵێت ئەگەربێت و ئەسینا هەنگاوێکی هاوشێوە بنێت لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی یۆنان ئەوا وەکو ڕاگەیاندنی جەنگ دەبێت.

XS
SM
MD
LG