حکومەتی یۆنان بڕیاری دا هەتا ساڵی 2020 نزیکەی 10 هەزار کۆچبەری نایاسایی ڕەوانەی تورکیا بکاتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ئاگر لە نێو کەمپـێکی کۆچبەران کەوتەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژنێک و برینداربوونی 17 کەسی دیکە.
ئەنجومەنی وەزیرانی یۆنان ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیر کریاکۆس میتسۆتاکیس.
پاش کۆبوونەوەکە ئەنجومەنەکە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی حکومەتی سەرۆک وەزیری پـێشوو لە ماوەی 4 ساڵ و نیو 1805 کۆچبەری گەڕاندووەتەوە ، بەڵام حکومەتی نوێ هەتا ساڵی 2020 نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر دەگەڕێنێتەوە.
دوێنێ یەکشەممە ئاگرێک کەوتەوە لە کەمپی مۆریای کۆچبەران لە دورگەی لیسبۆس و بەپـێی شاهیدحاڵەکان دوای نزیکەی 20 خولەک کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە، بۆیە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە. کۆچبەرانی کەمپەکەش ناڕەزایـیان دەربڕیوە و گرژی لێکەوتووەتەوە.