Accessibility links

وەزیری دەرەوەی یۆنان ڕەخنەی توند لە هەڕەشە موشەکییەکانی سەرۆکی تورکیا دەگرێت


وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دێندیاس

دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی لە یۆنان کرد کە بە موشەکی باڵیستیکی لە ئەسینا بدات، حکومەتی یۆنان ڕۆژی دووشەممە هێرشێکی توندی کردە سەر ئەردۆغان.

وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دێندیاس لە بڕۆکسل وتی " ئەوە جێی قبوڵکردن نیە و جێی سەرکۆنەکردنێکی گشتگیرە کە وڵاتێکی هاوپەیمان و ئەندامێکی ناتۆ هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بکات دژی یۆنان."

وتی " هەڵوێستەکانی کۆریای باکوور ناکرێت و نابێت بێنە ناو هاوپەیمانێتی ئەتڵەستی باکوورەوە."

سەرۆکی تورکیا ڕۆژی شەممە لە میانەی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەیەکی گەنجاندا لە شاری سامسونی باکووری تورکیا وتی تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت کە بە تایفون ناسراوە، وتیشی " یۆنانییەکانی ترساندووە."

ئەردۆغان وتی " یۆنانییەکان دەڵێن ' موشەکەکە ' دەتوانێت لە ئەسینا بدات. بێگومان دەگات. ئەگەر ئارام نەبیت، ئەگەر هەوڵ بدات شت لە ئەمەریکا و شوێنەکانی دیکە بکڕیت تاوەکو دوورگەکان پڕ چەک بکەیت، وڵاتێکی وەکو تورکیا دەبێت شتێک بکات."

پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە مێژە گرژییان تێکەوتووە، هەردوولا ناکۆکن لەسەر کۆمەڵێک پرس، لەوانەش بانگەشەکردن بۆ سەروەری ناوچەی دەریای ئیجە و مافەکانی گەڕان بە دوای وزەدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند. لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا سێ جار کەوتوونەتە سەر لێواری جەنگەوە.

تورکیا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لێدوانەکانی بەرامبەر یۆنان توندتر کردۆتەوە، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دەڵێن ئەسینا پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە. ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە " لە ناکاو لە شەوێکدا " هێزەکانی تورکیا لە یۆنان دابەزێنێت. بەڵام هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەکی شتێکی ئاسایی نەبووە.

وتەبێژی حکومەتی یۆنان جیانیس ئۆیکانۆمۆ وتی " بەڕێز ئەردۆغان پێی وایە بە دووبارە کردنەوەی لێدوانە نا ژیر و نادادپەروەرەکانی دەتوانێت بیکاتە ژیر و داپەروەر، ئەوە ڕوونادات."

وتیشی " یۆنان بە دڵنیاییەوە ئیرادەی هەیە و هەمیشە ئامادەیە، ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە یاساییەتی نێودەوڵەتی، بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و مافە سەروەرییەکانی."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG