Accessibility links

پـۆلیسی یۆنان دەڵێت تەرمی 3 کۆچبەر لەسەر هێڵێکی شەمەندەفەر دۆزراوەتەوە


پـۆلیسی یۆنان دەڵێت تەرمی 3 کۆچبەریان دۆزیوەتەوە لەسەر هێڵێکی شەمەندەفەر لە باکوری وڵاتەکە. دەڵێن پـێدەچێت لەسەر هێڵەکە نووستبن بەر لەوەی شەمەندەفەرێک لێـیان بدات.

بەپـێی لێکۆڵینەوەکان ڕووداوەکە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بووە و بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە شۆفێری شەمەندەفەرێک لە نزیک گوندی فیلاکۆی نێوان هەردوو شاری ئەلیگزاندریاپـۆڵس و کۆمۆتینی نزیک سنووری یۆنان لەگەڵ تورکیا تەرمەکانی لەسەر هێڵەکە بینیوە.

پـۆلیس دەڵێت تەرمەکان وەها پارچەپارچەبوون ناناسرێنەوە.

لە ئێستادا ئەو ناوچەیە بەوە ناسراوە کە هەتا دێت و زیاتر کۆچبەرانی نایاسایی لە ڕێگەیەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو زیاتر لە 10 کۆچبەری دیکە بە ڕووداوی جیاجیا لەو ناوچەیە گیانیان لەدەستداوە.

دەسەڵاتدارانی یۆنان دەڵێن لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە شێوەیەکی نایاسایی لە تورکیاوە پەڕیونەتەوە بۆ یۆنان، بەڵام لە ماوەی ساڵی 2017 تەنیا نزیکەی 5500 کەس بوون.

XS
SM
MD
LG