Accessibility links

وەزیری دەرەوەی یۆنان داوا لە هێزە بیانیەکان دەکات بەزووترین کات لیبیا جێبهێڵن


وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس

وەزیری دەرەوەی یۆنان نیکۆس دیندیاس داوای لە هێزە بیانیەکان کرد " بەزووترین کات " خاکی لیبیا جێبهێڵن، جەختیشی کردەوە پێویستە هەلێک بدرێت بە گەلی لیبیا تاوەکو خۆی چارەنووسی خۆی دیاریبکات.

وەزیری دەرەوەی یۆنان بە سەردانێکی فەڕمی گەیشتە بنگازی کە دووەم گەورەترین شارە لە لیبیادا و لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەتی یەکگرتووی نیشتیمانی حسێن قەترانیدا کۆبۆوە.

واچاوەڕوان دەکرێت دواتر لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لیبیاشدا کۆببێتەوە.

دیندیاس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ قەترانی لە بنگازی وتی " دووبارە دەیڵێینەوە چارەسەرەکە لە پشتیوانیکردنی سەروەری لیبیا و کشانەوەی سەرجەم هێزە بیانیەکاندایە، دەبێت ئەوەش بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت."

وتیشی " دەبێت ڕێگە بدرێت گەلی لیبیا بە تەنها بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات."

لەلای خۆیەوە قەترانی پێشوازی لە هەڵوێستەکانی یۆنان کرد بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری سیاسی.

وتی " ڕۆڵی یۆنان بەرز دەنرخێنین لە پشتیوانیکردنی لیبییەکاندا لەڕێی پیشاندانی هەڵوێستی ئەرێنیەوە، ئەنجامەکەی چارەسەری سیاسیی و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بوو."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG