Accessibility links

سیناتۆرێکی کۆمارییەکان هۆشیاری دەدات سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا


سیناتۆری کۆمارییەکان لیندسی گراهام
سیناتۆری کۆمارییەکان لیندسی گراهام

سیناتۆری ئەمەریکی و ئەندامی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لیندسی گراهام هۆشیاریدا بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و وتی ئەوە دەبێتە هۆی زیندووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و زیادبوونی دەسەڵاتەکانی ئێران بەسەر حکومەتی سوریاوە لە دیمەشق.

سیناتۆر لیندسی گراهامی ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت " ئەوە خراپترین بڕیاری تاکلایەنە دەبێت ئەگەر سەرۆک بیدات."

وتیشی " ڕێکخراوی داعشمان گەیاندۆتە لێواری شکستەوە. ئەگەر دەتانەوێت لە لێوارەکە دووری بخەنەوە کەواتە سەربازە ئەمەریکییەکان بکشێننەوە."

دوای ئەوەی ڕێکخراوی داعش بە نزیکەیی هەموو ئەو خاکانەی لەدەستدا کە لەژێر دەستیدا بوون لە سوریا، سەرۆک ترامپ بە ڕاوێژکارەکانی وت کە دەیەوێت بەخێرایی هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنەوە.

وادیارە ئەم ڕەوشە ناکۆکییەک دەخاتە نێوان سەرۆک و بەرپرسە سەربازییە ئەمەریکییەکانەوە کە پێیان وایە جەنگی دژی داعش زۆر دوورە لە تەواوبوونەوە.

واچاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن سەبارەت بەو هەڵمەتەی ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات دژی ڕێکخراوەکە لە سوریادا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بە ڕۆیتەرزی وت ڕاوێژکارەکانی سەرۆک ترامپ پێیان وایە سوپای ئەمەریکا پێویستە بە ژمارەیەکی کەم تا دوو ساڵی دیکە لە سوریادا بمێننەوە.

بەرپرسەکە وتی سەرۆک ترامپ ڕازی نیە بەو ئامۆژگارییە بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا بڕیار دەدات بۆ کشانەوەی هێزەکان یاخوود نا.

نزیکەی 2000 سەربازی ئەمەریکی لە سوریادا هەن.

لیندسی گراهام وتیشی " هێشتا زیاتر لە 3000 چەکداری داعش لە سوریادا ماون. ئەگەر هێزەکانمان بەمزووانە بکشێنینەوە ئەوا ڕێکخراوەکە دەگەڕێتەوە و شەڕی نێوان تورکیا و کوردەکان لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و بەبێ بوونی ئەمەریکا دیمەشقیش دەدرێت بە ئێرانییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG