ئەپدەیتی سۆفتوێرێک بووە هۆی وێرانکاریی لەسەر سیستمی کۆمپیوتەرەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و هەندێک لە کەناڵەکانی ناچار کرد پەخشەکانییان ڕابگرن و کاریگەریی لەسەر سیستمەکانی بانک و تەندروستیش هەبووە.
ڕۆژی هەینی مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند وادەردەکەوێت ئەپدەیت کردنەوەی بەرهەمێک کە لەلایەن کۆمپانیای کراودستڕایکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی جیهانییەوە پێشکەش کراوە هۆکاری پچڕانەکە بووبێت، پچڕانەکە کاریکردووەتە سەر بەکارهێنەرانی مایکرۆسۆفت ویندۆز ئۆپەرەیتینگ سیستم. وتیشی کێشەکە چارەسەر کراوە.
جۆرج کۆرتز, بەڕێوبەری کراودسترایک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی کۆمپانیاکە " چالاکانە لەگەڵ ئەو بەکارهێنەرانەدا کاردەکات کە بەهۆی کەموکورتییەکەوە لە ئەپدەیتێکدا بۆ ویندۆزەکان " زیانییان لێکەوتووە.
وتی " ئەمە ڕووداوێکی ئاسایشی یاخود هێرشێکی ئەلیکترۆنی نیە."
پێشتر لە ڕۆژی هەینیدا، کۆمپانیا گەورەکانی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمەریکای وەکو ئەمێریکان ئێرلاین و دێڵتا ئێرلاین و یونایتد ئێرلاین گەشتەکانییان ڕاگرت، هاوکات فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی دیکەی گەشتی ئاسمانی لە سەرانسەری جیهاندا باسییان لە دواکەوتن و تێکچوونی گەشتەکان کردووە.
بانک و خزمەتگوزارییەکان لە ئوستڕاڵیاوە بۆ هیندستان و ئەڵمانیا بەکارهێنەرانییان ئاگادار کردووەتەوە لە تێکچوون و بازرگانەکان لە سەرانسەری بازاڕەکاندا باسییان لە کێشە کردووە لە کاتی حەواڵەکردندا.
بازرگانێک وتی " ڕووبەڕووی دایکی هەموو پچڕانە جیهانییەکانی ناو بازاڕەکان بووینەتەوە."
لە بەڕیتانیا، سیستمەکانی حیجزکردن کە لەلایەن پزیشکەکانەوە بەکاردەهێندرێن ئۆفلاین بوون، بەرپرسانی تەندروستی باسییان لەو کێشەیە کردووە، هاوکات سکای نیوزی بەڕیتانیاش کە یەکێکە لە گەورەترین کەناڵەکانی وڵاتەکە پەخشەکانی ڕاگرت، داوای لێبووردنی کرد لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە ڕاستەخۆ پەخش بکات، یانەی تۆپی پێی ماچستەر یونایتدیش لە ئێکس نوسیویەتی کاتی پێدانی تکتەکانی دواخستووە.
وتەبێژێکی مایکرۆسۆفت وتی " ئێمە ئاگاداری ئەو کێشەیەین کە ڕووبەڕووی خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت بووەتەوە بەهۆی ئەپدەیتێکەوە کە لەلایەن سەکۆیەکی سۆفتوێری لایەنی سێیەمەوە دابینکراوە. وتی پێشبینی دەکەین چارەسەرکردنی نزیک بێت."
کراودسترایک وتی سۆفتوێری " فاڵکۆن سێنسەر " بووەتە هۆی ئەوەی مایکرۆسۆفت ویندۆز تێکبچێت و شاشەیەکی شین پیشان بدات، کە ناسراوە بە " شاشەی شینی مەرگ."
پرۆفیسۆری خوێندگەی ڤلاڤاتنیکی حکومەتی زانکۆی ئۆکسفۆرد و سەرۆکی پێشووی ناوەندی نیشتمانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەڕیتانیا دەڵێت " ئەمە وێنایەکی زۆر زۆر ناڕەحەتە بۆ ئاسان شکانی ژێرخانی سەرەکی ئینتەرنێتی جیهان."
فڕۆکەخانەکانی سەنگاپوور و هۆنگ کۆنگ و هیندستان ڕایانگەیاندووە پچڕانی فڕۆکەخانەکان بەو مانایە بووە کە هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان ناچاربوون بە دەستی سەرنشینەکان بپشکنن.
فڕۆکەخانەی شیفۆلی ئەمستردام کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا، ڕایگەیاند پچڕانەکە کاریکردووەتە سەر ئەرکەکانی، هاوکات کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئیبێریا وتی بە دەستی لە فڕۆکەخانەکاندا کاریان کردووە تا ئەوکاتەی چێک ئینە ئەلیکترۆنییەکان و چێک ئینی ئۆنلاین کاراکراونەتەوە. ئاماژەی بەوەشدا هەندێک دواکەوتن هەبووە بەڵام هیچ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان نەبووە.
کۆمپانیای کە ئێڵ ئێمی گەشتی ئاسمانی فەڕەنساش وتی ئەرکەکانی تێکچوون.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە دەزگای هەواڵی ئەی ئێن پی وڵاتەکەی وت پچڕانەکە کاریگەریی هەبووە لەسەرییان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پچڕانێکی جیهانی ئەلیکترۆنی گەشتە ئاسمانییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و کاردەکاتە سەر بانکەکان و پەیوەندییەکان
