Accessibility links

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش سووربوونی خۆی لە ئەرکەکەی دووپاتدەکاتەوە


هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش سووربوونی خۆی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دووپاتکردەوە و دەڵێت لە هەر شوێنێک ئەم گروپە تێرۆرستیـیە سەرهەڵبدات ئامادەن بەرەنگاری ببنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر داوای خانم سۆفی ویلمیس جێگری سەرۆک وەزیری بەلجیکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتیـیەکە لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە کۆبوونەوە و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

ئەندامانی هاوپەیمانێتیـیەکە جگە لەوەی جەختیان لە ئامانجی هاوبەشیان کردەوە، ئەویش شکستهێنان بە داعشە، باسی پاراستنی خەڵکی سیڤیلیان کرد، بە تایبەتی منداڵان و ژنان.

ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد داعش چیتر هیچ ناوچەیەک کۆنترۆڵ ناکات و نزیکەی 8 ملیۆن کەس لە عێراق و سوریا لە دەستی داعش ڕزگارکران، بەڵام هوشداری ئەوەیان دا کە هێشتا داعش جێی مەترسیـیە.

دووپاتیانکردەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هێزە هاوبەشەکانیان لە عێراق و سوریا، وە کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لەو دوو وڵاتە و ئەو هۆکارانە نەهێڵن کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش.

سەرەخۆشیان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد بۆ ئەو زیانە گیانیانەی لە ئاکامی دوو تەقینەوە خۆکوژیـیەکەی 21 ی مانگی یەکی بەغدا کەوتنەوە. هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە و گوتیان ئەوان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتە کاردەکەن و ڕێزی تەواو لە سەروەری عێراق دەگرن.

باسیان لە هێرشەکانی سەر هەولێر و بەغدا و بنکەی عەین ئەلئسەد کرد و گوتیان جیێ قبوڵ نین و هەڕەشە بۆ سەر هەوڵەکانیان دروستدەکات.

خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەندامانی ناتۆ لە 18 ی مانگی دوو درا بۆ فراوانکردنی ئەرکی ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنانی ناتۆ لە عێراق.

پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری پەیوەست بە تێرۆرستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە ڕێگەی دەزگای پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپـول).

سەبارەت بە سوریا، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دووپاتیکردەوە لە پاڵ خەڵکی سوریا دەبن بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی سیاسی هەمیشەیی بەپـێی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی بۆ بڕیارەکانی هاوپەیمانێتیـیەکەیان لە کۆبوونەوەی 10 ی مانگی یازدەی 2020 لە بارەی هەڕەشەکانی داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریکا. ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد داعش لە ناوچەیەی ئەفریکا و بەشەکانی دیکەی ئەو کیشوەرە بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسیان لەو گرفتانە کرد کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە لە ئەنجامی چەکدارە بیانیـیەکانی داعش، ئەوانەی لە عێراق و سوریا دەستگیرکراون لەگەڵ خێزانەکانیاندا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیان، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش جەختیان کردەوە هەر کە بارودۆخەکە ڕێگە بدات کۆبوونەوەی داهاتوویان لە ئیتالیا ئەنجام دەدەن.

XS
SM
MD
LG