Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی سوریا: دوای تەقینەوەکەی نزیک دیمەشق نیشانەی بەکارهێنانی گازی کلۆر دەرکەوتووە


غوتە، سوریا
غوتە، سوریا

بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کۆمەڵێک برینداری تەقینەوەکەی نزیک دیمەشق هەمان نیشانەی هەڵمژینی گازی کلۆریان تێدا دەرکەوتووە لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا هاتووە دەڵێت قوربانییەکان و شۆفێرەکانی ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن گازی کلۆریان هەڵمژیوە دوای تەقینەوە گەورەکەی ناوچەی شیفۆنیەی غوتەی ڕۆژهەڵات.

هەروەها وتیشی بەلایەنی کەمەوە 18 کەس ئۆکسجینیان پێدراوە.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا و هاوپەیمانی حکومەتی سوریا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی ماددەی ژەهراوی ئامادە دەکەن لە غوتەی ڕۆژهەڵات و دواتر دیمەشق تاوانبار دەکەن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

کۆمەڵەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگی ناوخۆی سوریا دەکات خنکانی منداڵێکی پشتڕاست کردەوە لە غوتەی ڕۆژهەڵات.

جێی ئاماژەیە هەفتەیەک دەبێت حکومەتی سوریا هێرشێکی توندی کردۆتە سەر غوتەی ڕۆژهەڵات کە کۆتا شوێنی گەورەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنە لەنزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا.

ڕۆژی شەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستیان کرد لە سوریادا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ. کۆمەڵەی سوری وتی بۆمبارانکردنی غوتەی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژی یەکشەممەدا کەمتر بووە لەچاو ڕۆژانی ڕابردوودا بەڵام 14 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەم هەفتانەی دواییدا ئەمەریکا سوریای تۆمەتبار کرد بەوەی چەند جارێک گازی کلۆری وەک چەک بەکارهێناوە. لە ساڵی 2013 دا ناوچەی غوتەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی هێرشێکی کیمیایی گەورە بۆوە.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ماددەی ژەهراوی ئامادە دەکەن و بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی دواتر هێزەکانی سوریا بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی تۆمەتبار بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG