Accessibility links

گوتیرێس: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دۆزەخی غوتەی ڕۆژهەڵات بوەستێنرێت


ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێستا ڕێک کاتی ئەوەیە ئەو دۆزەخەی لەسەر زەوی داخراوە ڕابگیرێت.

ئەم لێدوانەی ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، وەک ئاماژەیەکە بە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات لە سوریا.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس داوای لە هەموو لایەنەکانی ناو سوریا کردووە تا وابەستەی ئەو ئاگربەستە بن کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات.
ئەمەش یەکەمین لێدوانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر ئەو ئاگربەستە، لەوەتای پازدە ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بە تێکڕای دەنگ پەسەندیان کرد.

بەڵام سەرۆکی بەشی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو دڵی و گومانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو ئاگربەستە سی ڕۆژییە.

زەید ڕەعد ئەلحوسەین لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ وتوویەتی هێشتاش هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوامن بۆسەر ناوچەکانی سەرهەڵداوانی لێن لە دەوروبەری دیمەشق.

زەید ئەلحوسەین لەو کۆبوونەوەیەیدا داوای جێبەجێکردنێکی تەواوەتی ئەو ئاگربەستە کاتییەی کردووە و دەشڵێت هەموو هۆکارێک هەیە کە پێویستە وریایی و ئاگاهییەکی زۆر هەبن لەو ڕوانگەیەوەی حەوت ساڵە نەتوانراوە توندوتیژییەکانی ناو سوریا ڕابگیرێن.

ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت وێڕای بڕیاری ئاگربەست لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بۆردومانە نوێیەکانی حکومەتی سوریا بوونەتە مایەی کوژرانی 10 کەس لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق.

بەپێی ئەو بڕیارە پێویستە شەڕ و توندوتیژییەکان لە تەواوی سوریادا ڕابگیرێن، بەڵام هێشتاش وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەکەن لێرە و لەوێی وڵاتەکەدا شەڕ و توندوتیژی بەردەوامن.

لەلایەکی تریشەوە هەر ئەمڕۆ دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای وتووە پێویستە ئەو ئاگربەستەی سوریا لە تەواوی سەریادا جێبەجێبکرێت بە شاری عەفرینیشەوە.

تورکیا بۆ زیاتر لە مانگێکە دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر شاری کوردنشینی عەفرین دژی هێزە کوردییەکانی لەوێن.

هاوکاتی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوانی سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆکی تورکیا، ماکرۆن وتوویەتی ئەو ئاگربەستە 30 ڕۆژییە بۆ هەموو ناوچەکانی سوریایە و دەشبێت لە هەموو لایەک لە هەموو شوێنێکی سوریادا بەبێ دواکەوتن جێبەجێی بکەن.

XS
SM
MD
LG