Accessibility links

دادگایـیکردنی ئەفسەرێکی ئەڵمانی بە تۆمەتی هەوڵی ئەنجامدانی تاوان بە ناوی پەنابەرەوە


فرانکۆ ا ، ئەفسەری پـێشووی لەشکری ئەڵمانیا لە کاتی دادگایـیکردنی لە دادگای هەرێمی فرانکفۆرت، پـێنجشەممە 20 ی مانگی پـێنجی 2021

دادگایەکی ئەڵمانیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە دەستیکر بە دادگایـیکردنی ئەفسەرێکی لەشکری وڵاتەکەی بە تۆمەتی ئەوەی ویستوویەتی خۆی بکات بە پەنابەری سوریایی بە ئامانجی کوشتنی کەسانی سیاسی و پاشان تاوانەکە بخرێتە ئەستۆی پەنابەرانەوە.

داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا دەڵێت ئەفسەرەکە بەهۆی توندڕەوی ڕەگەزپەرستیـیەوە ویستوویەتی ئەو تاوانانە ئەنجام بدات، ئەمەش جێی نیگەرانیـیە کە لە ناو لەشکردا توندڕەوی هەبێت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەڵمانیا دەڵێت ئەم ئەفسەرە بەر لە دادگاییکردنی لە دادگای فرانکفۆرت ڕەتیکردووەتەوە پـلانی بۆ ئەنجامدانی هێرش و کوشتنکاری دانابێت.

پارێزەرەکەشی داکۆکی لێدەکات، دەڵێت ئەم تۆمەتبارە قوربانی هەڵمەتێکی ناوزڕاندنە و هیچ بیروبۆچوونی توندڕەوی ڕاستڕەوی نیـیە، وە بەڵگەش بۆ ئەمە گرنگیدانی بە موزیکی پەنک.

ئەم ئەفسەرە کە ناوی فرانکۆیە و تەمەنی 32 ساڵە، لە ساڵی 2017 وە بوویە جێی سەرنجی دەزگا ئاسایشیـیەکان کاتێک لە توالێتێکی فڕۆکەخانەی ڤیـیەننا دەمانچەیەکی شاردبووە و چووبوو هەڵیبگرێتەوە و لەلایەن پـۆلیسی نەمساوە دەستگیرکرا و ئازادکرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی نەمسا هاوتا ئەڵمانیـیەکانیان لە ڕووداوەکە ئاگادارکردەوە.

دەزگا ئاسایشیـیەکانی ئەڵمانیاش لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد، بۆیان دەرکەوتووە پـێشتر پەنجەی وەک کەسێک مۆرکردووە کە داوای مافی پەنابەری کردووە، بۆیە دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوەی وردتر لەسەری.

داواکارانی گشتی دەڵێن فرانکۆ بە نیازبووە هایکۆ ماس، وەزیری دادی ئەو کاتەی ئەڵمانیا و سەرۆکی ڕێکخراوێکی دژی ڕەگەزپەرستی و کەسانی دیکە بکاتە ئامانج. ناوبراو 5 چەکی پەیداکردبوو لەگەڵ هەزار گولـلە و زیاتر لە 50 بۆمبی دەستی، بەشێکی ئەو چەک و تەقەمانیـیانەی لە کۆگا لەشکریـیەکان دزیبوو.

XS
SM
MD
LG