Accessibility links

ئەڵمانیا هەوڵی دەرکردنی پاسەوانە تایبەتەکەی بن لادن لە وڵاتەکەی دەدات


حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت هەوڵ دەدات پاسەوانی تایبەتی ئوسامە بن لادن ڕێبەری پـێشووی قاعیدە کە لە وڵاتەکەیاندا پەنابەرە ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆی بکاتەوە کە تونسە.

هارالد نێمانز گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی هەوڵ هەن بۆ دەرکردنی پاسەوانی تایبەتی ئوسامە بن لادن وە لەم زووانە تیمی کاری وەزارەتەکەیان تاووتوێی کەیسەکە دەکات.

لە لایەکی دیکە حکومەتی هەرێمی ڕاینی باکور- وێستفالیا لە وەڵامی بۆ داوایەکی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، گوتی ناکرێت (سامی ئا.) ڕەوانەی تونس بکرێتەوە، چونکە شیانی هەیە لەوێ ڕووبەڕووی ئەشکەنجە ببێتەوە.

ئەڵمانیا دەیەوێت وڵاتی تونس بەڵێنی دیپـلۆماسی پـێبدات، ئەویش ئەگەربێت و سامی ڕەوانەی تونس بکرێتەوە ئەوا لەوێ دووچاری ئەشکەنجەدان نابێت.

جێی ئاماژەیە سامی تەمەن 42 ساڵ لە ساڵی 1997 ڕووی لە ئەڵمانیا کردبوو وەک خوێندکارێک. پاشان لە نێوان هەردوو ساڵی 1999 و 2000دیارنەماوە، ئەمەش ئەو ماوەیەیە کە لە بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی قاعیدە لە ئەفغانستان بووە بەر لەوەی ببێتە پاسەوانی تایبەتی بن لادن.

پاشان گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا و بووەتە جێی گومانی دەزگا ئاسایشیـیەکانی ئەڵمانیا، بۆیە خراوەتە ژێر چاودێریـیەوە. ساڵی 2009 دەزگای فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ نەهێشتنی تاوان دەستگیری کرد پاش ئەوەی ئەندامی قاعیدەی بە ئۆتۆمبیلەکەی گواستبووەوە.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا مۆڵەتی مانەوەی لە وڵاتەکەیاندا بۆ درێژ ناکەنەوە، بەڵام موچەی پەنابەری بۆ خۆی و هاوسەرەکەی و 4 منداڵەکەی بڕیوەتەوە.

بەپـێی میدیاکانی ئەڵمانیا مانگانە زیاتر لە 1167 یورۆ موچە بەخۆی و خێزانەکەی دەدرێت لەگەڵ کۆمەڵێک یارمەتی دیکە کە دەزگا فەرمیـیەکان بەپـێی یاسا ناتوانن ئاشکرای بکەن، چونکە پەیوستن بە تایبەتمەندی خێزانیـیەوە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پـرێس، دۆچێ ڤێلێ

XS
SM
MD
LG