پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ جاری چوارەم ئەنگێلا مێرکڵی پەسەندکرد بۆ پـۆستی ڕاوێژکاری وڵاتەکە، ئەمەش پاش شەش مانگ لە وتووێژ و مشتومڕی نێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژارنە گشتیـیەکانی لە 24 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە پـرۆسەی دەنگدانەکە سازکرا و تیایدا لە کۆی 688 پەرلەمانتار 364 پەرلەمانتار ئەنگێلا مێرکڵی تەمەن 63 ساڵیان بە ڕاوێژکار پەسەندکردەوە کە پـۆستێکی لە ئاستی سەرۆک وەزیر و سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکە دەکات.
مێرکڵ تەنیا 9 دەنگی زیاتری لە پـێویست بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا هاوپەیمانێتی پارتەکەی (یەکێتی کرستیانی دیموکرات) لەگەڵ سۆشیال دیموکراتەکان وەهای کردووە پـێکەوە خاوەنی 399 دەنگ بن لە پەرلەماندا. واتە 35 پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتیـیەکەیان دەنگیان پێنەداوە.
ئەندامانی پارتی یەکێتی کرستیانی دیموکرات ڕەخنەی زۆریان لە مێرکڵ گرت پاش ئەوەی دەستبەرداری پـۆستی وەزیری دارایی بوو بۆ سۆشیال دیموکراتەکان. جگە لەوەش وەزارەتی دەرەوە و چوار وەزارەتی دیکەی بە سۆشیال دیموکراتەکان داوە.
بەپـێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پارتەکەی مێرکڵ 32.9% ی دەنگەکانی بردەوە کە دەکاتە 246 کورسی و پارتی سۆشیال دیموکرات 20.5%کە دەکاتە 153 کورسی.