پارتی یەکێتی کرستیانە دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە ئەنگێلا مێرکڵ سەرۆکایەتی دەکات ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ سۆشیال دیموکراتەکان بە ڕێکەوتنێک گەیشت بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەیان.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناو ئەڵمانیا دەڵێن پارتەکەی خانم مێرکڵ هەتا بەم ڕێکەوتنە گەیشتوون دانەواندنی گەورەی بۆ سۆشیال دیموکراتەکان کردووە، لەوانە وەزارەتی دارایی کە گرنگیەکی تایبەتی هەیە بدرێتە دەستی سۆشیال دیموکراتەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی دەرەوە و کار و داد و کۆمەڵایەتی و ژینگە. لە بەرامبەردا پارتەکەی مێرکڵ هەردوو وەزارەتی ئابوری و بەرگی وەربگرێت. پارتی یەکێتی کۆمەڵایەتی کرستیانی باڤاریاش وەزارەتی ناوخۆ بگرێتەدەست.
هەرچەندە لە پاش چوار مانگ لە وتووێژ و دانوستاندن بەم ڕێکەوتنە گەیشتوون، بەڵام هێشتا تاووتوێی وردەکاریـیەکان بەردەوامە.
دەشڵێن ئەگەر ڕێکەوتنەکە بە ئەنجامی کۆتایی بگات، ئەوا مارتن شۆڵتز ڕێبەری سۆشیال دیموکراتەکان دەستبەرداری سەرۆکایەتی پارتەکەی دەبێت تاوەکو پـۆستی وەزیری دەرەوە بگرێتەدەست.