بە گوتەی وەزارەتی دارایی لە بەرلین ؛ حکومەتی ئەڵمانیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پتر لە یەک ملیار دۆلاری داوە بۆ خەرجیەکانی پەیوەست بە جێگیرکردنی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا.
وەزارەتی دارایی ئەم ژمارەیەی بڵاوکردەوە لە وەڵامی پرسیارێکی یاسادەنەر بریجیت فرایهۆڵد، ئەندامی پارتی چەپڕەوی ئۆپۆزیسیۆن . وەڵامەکە رۆژی دووشەممە دەست ئاژانسی ئەسۆسییەت پرێس کەوت و هەواڵەکە یەکەم جار لە لایەن ئاژانسی هەواڵی dpa ی ئەڵمانیەوە بڵاوکرایەوە.
بە گوتەی وەزارەتی دارایی حکومەتی ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵانی نێوان 2010 بۆ 2019 کۆی 982.4 ملیۆن یورۆی داوە و لەو بڕە پارەیەش 648 ملیۆن و نیو یورۆ تێچووی خەرجیەکانی کاری بنیاتنان بووە.
مانگی رابردوو دانۆڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ئەو فەرمانی کەمکردنەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا دەدات و ژمارەیان لە 34 هەزرا و 500 بۆ 25 هەزار کەس کەمدەکاتەوە.
وڵاتی ئەڵمانیا ناوەندێکە بۆ هەڵمەتەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە ئەفریکا .
ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا لە فەرمانەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا ئاگادار نەکرابوو ، ئەو بڕیارەی دوای ئەوە بوو کە سەرۆک ترەمپ هاوپەیمانی ناتۆی بەوە لەقەڵمدا ئەندامانی ناتۆ نەیانتوانیوە بە هێندی پێویست بوجە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بدەن واتە وەک سەرۆک ترەمپ گوتی هاوپەیمانەکە ئەو ئامانجەیان نەپێکا ئەوەی لە ساڵی 2014 دا بۆ ئەندامانی ناتۆ دیاریکرا بۆ ئەوەی کەمکردنەوەی بوجەیان راگرن و لەسەدا 2 ی کۆی بەرهەمی گشتی نیشتمانی بۆ بەرگری تەرخان بکەن.
سەرۆک ترەمپ جەختیکردوە لەوەی کە ئابووری ئەڵمانیا سوود لەو پارەیە وەردەگرێت ئەوەی سەربازانی ئەمەریکایی نیشتەجێی ئەڵمانیا لەوێ خەرجی دەکەن.
سەرچاوە: AP