سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمەر داوای لە حکومەتی مەکسیک کرد لە پاڵ ئەوروپادا بوەستێت دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆردا، شتاینمەر وتارێکی پێشکەشی ئەنجومەنی سیناتی مەکسیک کرد و وتی شکستهێنان لە دژایەتیکردنی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هەڕەشەی بۆ سەر دیموکراسی جیهان دروستکردووە.
وتی " بۆ ئێمە، ئەڵمانەکان و مەکسیکییەکان، بۆ جیهانی دیموکرات، پێویستە لەم ململانێیەوە بەهێزتر ببین، دەبێت هەڵوێستێکی هاوبەش هەبێت."
وتیشی " دەبێت یەکگرتوو بین لە گۆشەگیرکردنی دەستدرێژیکارێک کە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی یاسای بگۆڕێت بۆ یاسای دەسەڵات."
لۆپێز ئۆبرادۆر سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کرد بەڵام هەوڵی دا هەڵوێستێکی بێلایەنی هەبێت لە ململانێکەدا، ڕەتی کردەوە بەشداری لە سزاکانی دژ بە مۆسکۆدا بکات و ڕەتیشی کردەوە ڕەخنە لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بگرێت لەسەر پێدانی چەک بە ئۆکرانیا.
شتاینمەر وتی ئاساییکردنەوەی " پێشێلکردنی سنوورەکان و داگیرکردنی خاکەکان " لە کۆتاییدا هەڕەشە بۆ سەر سەرانسەری جیهان دروستدەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز