Accessibility links

ئەڵمانیا و دانیمارک و هۆڵەندا لانیکەم 100 تانکی لیۆپاردی 1 دەدەن بە ئۆکرانیا


بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەش کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، دانیمارک و هۆڵەندا و ئەڵمانیا لانیکەم 100 تانکی کۆنی لیۆپاردی 1 لە کۆگاکانیاندا دەردەهێنن و چاکی دەکەنەوە و دەیدەن بە ئۆکرانیا.
سێ وڵاتەکە وتیان لە چەند مانگی داهاتوودا ئۆکرانیا لانیکەم 100 تانکی لیۆپاردی 1 A5 و مەشق و پشتیوانی لۆجیستیک و پارچەی یەدەگ و تەقەمەنی وەردەگرێت.

وەزیری بەرگری هۆڵەندا کاسیا ئۆلۆنگرین وتی لیۆپاردی 1 " بە دڵنیاییەوە هێشتا گونجاوە " بۆ شەڕکردن، سەرەڕای ئەوەی کە مۆدیلێکی کۆنترە.

وتی " بە ڕاستی تانکێکە تاقی کراوەتەوە، چاک دەکرێنەوە و ئامادە دەکرێن بۆ شەڕکردن، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە سوودییان دەبێت بۆ ئۆکرانییەکان و لە چەند تانکێکی ڕووسیش باشترن."

بەپێی بەیاننامەکە، وردەکاری ڕێککەوتنەکە هێشتا دەبێت لەلایەن کۆمپانیاکانی خاوەن تانکەکانەوە تەواو بکرێت.

بە دیاریکراوی ژمارەی تانکەکان نەزاندراوە، یاخود هێشتا دیار نیە کە ئایا پارەکەیان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بە هاوبەشی دەبێت یاخود نا. نزیکەی 180 تانکی لیۆپاردی 1 لە ئەڵمانیادا هەن و کۆمپانیای ڕاینمێتاڵی دروستکەری چەک و کۆمپانیایەکی دیکەی باکووری ئەڵمانیا خاوەنی تانکەکانن.

ئەڵمانیا بە کۆی گشتی ڕەوانەکردنی 178 تانکی لیۆپاردی 1 بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە.

وەزارەتەکانی ئابووری و بەرگری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " ئەوەی کە چەند تانک دەتوانرێت لە ڕاستیدا ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن پەیوەستە بە ماوەی کاری چاککردنەکانەوە."

بڕیارەکە لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کاتێک وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستۆریەس سەردانی کیێڤی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی و هاوتا ئۆکرانییەکەی ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤدا کۆبۆوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG