Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت ڕوسیا باجەکەی دەدات ئەگەر دژی ئۆکرانیا بجوڵێت


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک دەڵێت هیوادارە گرژییەکان لەگەڵ ڕوسیا سەبارەت بە ئۆکرانیا لەڕێی دبلۆماسیەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا دواتر دەناڵێنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک لەماوەی گەشتەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا ئەم لێدوانەیدا، دواتریش سەردانی مۆسکۆ دەکات. ئەم سەردانانەی بێربۆک دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گفتوگۆیان لەسەر گرژییەکانی نێوانیان کرد و هیچ دەرەنجامێکی بەرچاوی نەبوو.

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا وتی نیگەرانی ئەوەیە ڕوسیا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات، دوابەدوای ئەوەش هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە بۆ سەر ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئۆکرانیا ترس و نیگەرانیەکانی زیاتر کرد.

بێربۆک لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەی دمیترۆ کولیبادا وتی " هەر ڕەفتارێکی دوژمنکاریی دیکەی ڕوسیا لەڕووی ئابووری و ستراتیژی و سیاسییەوە باجێکی گەورەی دەبێت لەسەر ڕوسیا." وتیشی " دیبلۆماسی تەنها ڕێگەیە."

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا وتی دەبێت هەمووشتێک بکرێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە دەستوەردانی سەربازیی لە ئۆکرانیادا.

لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەکاتێکدا بوو هێزەکانی ڕوسیا بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەش دەگەیشتنە بێلاڕوس.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا وتی کیێڤ و بەرلین یەکگرتوون لەسەر ئەوەی هەوڵ بدرێت گفتوگۆکانی ئاشتی لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیندووبکرێنەوە، گفتوگۆکانیش لەنێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئۆکرانیا و ڕوسیادایە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمەریکا دڵنیاییان داوەتە ئۆکرانیا کە بەبێ ئەو وڵاتە هیچ بڕیارێک لەسەر ئۆکرانیا نادرێت.

کولیبا وتی " ئێستا ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە بەرلین و پاریس هیچ بڕیارێک بەبێ ئۆکرانیا لەسەر ئۆکرانیا نەدەن، هەروەها هیچ یارییەکیش لەپشتمانەوە لەگەڵ ڕوسیادا نەکەن. ئێستا ئەمە گرنگترین شتە."

جێی ئاماژەیە لە دوای ساڵی 2014 ەوە کاتێک ڕوسیا دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی و شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەنێوان هێزە جیاخوازەکان بە پشتیوانی ڕوسیا و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا دەستیپێکرد، ئەڵمانیا هەمیشە لەڕووی یارمەتی و سیاسییەوە پشتیوانی لە ئۆکرانیا کردووە.

بەڵام لێرەدا هەندێک بۆچوونی جیاواز هەیە، ئۆکرانیا دژایەتی پڕۆژەی هێڵی گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕوسی دەکات کە هێشتا چالاک نەکراوە و ئەرکەکەی گواستنەوەی گازی ڕوسیە بۆ ئەڵمانیا. ئەگەر پڕۆژەکە چالاک بکرێت ئەوا چیتر گازی ڕوسی بە ئۆکرانیادا بۆ ئەوروپا ناڕوات و لەویادا ئۆکرانیا ئەو پارەیە لەدەست دەدات کە بەهۆی تێپەڕینی گازەکەوە بە وڵاتەکەیدا وەریدەگرت.

بێربۆک وتی پڕۆژەکە ڕاگیراوە و لەگەڵ یاسای وزەی ئەوروپادا یەکناگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە کیێڤ توڕەیە لە بڕیارەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕەت کردنەوەی فرۆشتنی چەک بە ئۆکرانیا. پێش سەردانەکەی بێربۆک بۆ ئۆکرانیا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا ئاندریج مێڵنیک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵی ئەڵمانیدا بڕیارەکەی ئەڵمانیای بە بڕیارێکی " تاڵ و نائومێدکەر " ناودێرکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG