Accessibility links

مێرکڵ: هێشتا کۆسپ هەن لە بەردەم ئاسایـیبوونەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت هێشتا کۆسپ لە بەردەم ئاسایـیبوونەوەی پەیوەندیـیەکانی نێوان بەرلین و ئەنکەرە هەن، لەوانە پـرسی ئەو ڕۆژنامەوانە ئەڵمانیـیە بە ڕەچەڵەک تورکەی کە لە مانگی دووی ساڵی ڕابردووەوە لە تورکیا دەستگیرکراوە.

ئەنگێلا مێرکڵ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەرلین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بێنالی یڵدرم سەرۆک وەزیری تورکیا گوتیشی پەیوەندیـیە دوو قۆڵیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات بە قۆناغێکی قورسدا تێپەڕین و هێشتا بەشێکی بەردەوامن.

باسی لەوەش کرد هەردوو وڵات خوازیارن پەیوەندیـیەکانی نێوانیان باشبکەنەوە، بەڵام گوتی لە ئێستادا ئەمە کارێکی ئاسان نیـیە.

پاشان مێرکڵ ئاماژەی بۆ دەسـتگیرکردنی دێنیز یوجەل پەیامنێری ڕۆژنامەی Die Welt ی ئەڵمانی کرد کە لە ساڵی ڕابردووە لە تورکیا بە تۆمەتی پڕۆپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تێرۆرستی دەسـتگیرکراوە، گوتی ئەم جۆرە دەسـتگیرکردنانە کە هێشتا بەردەوامن پەیوەندیـیەکانی نێوانیانی تێکداوە.

یڵدرم لای خۆیەوە گوتی دادگاکان کەیسێکی زۆریان لەبەردەمدا کەڵەکە بووە، بۆیە دادگایـیکردنی دێنیز یوجەل دواکەوتووە.

ڕۆژنامەوانێکی کوردیش کە ئامادەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە بوو، وێنەیەکی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرینی بەرزکردەوە و لە بەرامبەردا یڵدرم بە پـڕۆپاگەندە ناودێری کرد و گوتی ئەوە وێنەی ڕووداوی دیکەن.

XS
SM
MD
LG