وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشیاری دایە هاوڵاتیان سەبارەت بە گەشتکردنیان بۆ تورکیا و وتی ئەوان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و لەوانەیە دەستگیربکرێن تەنانەت لە ناوچە گەشتیارییەکانیشدا و ئەوەش دوای زنجیرەیەک لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئەڵمانی دێت لەلایەن تورکیاوە.
ئەم هۆشیاریدانەش ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا لەنزمترین ئاستدایە و هەروەها زیانیش بە گەشتیاریی تورکیا دەگەیەنێت.
ئەم هۆشیاریدانەش بەهۆی دەستگیرکردنی دوو هاوڵاتیە ئەڵمانیەکەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیا دەستگیرکران و دواتر یەکێکیان ئازادکرا. بەرلینیش پێی وایە ئەو دوو کەسە و یانزە کەسی دیکەش بەهۆی هۆکاری سیاسییەوە دەستگیرکراون.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی " لە هەموو شوێنەکانی تورکیادا ئەم دەستگیرکردنانە هەیە تەنانەت لە شوێنە گەشتیارییەکانیشدا."
سیگمار گابرێل وتیشی " ناتوانین ڕێگە لە هاوڵاتیان بگرین گەشت بکەن بەڵام پێش ئەوەی بڕۆن وردەکارییەکانمان بۆ ڕوون کردوونەتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز