Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت 2 هاوڵاتی دیکەی لە تورکیا دەسـتگیرکراون


وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی تورکیا 2 ئەڵمانی دیکەیان دەسـتگیرکردووە، بەمەش ژمارەی ئەو هاوڵاتیـیە ئەڵمانیانەی لەو وڵاتە دەسـتگیرکراون دەبێتە 55 کەس.

خانم ماریا ئادیبار گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ هەینی لە بەرلین گوتی کونسوڵخانەکەیان لە شاری ئەزمیری تورکیا ئاگاداری کردوونەتەوە لە 31 ی مانگی هەشت 2 هاوڵاتی ئەڵمانی لە تورکیا دەستگیرکراون و پـێدەچێت لەسەر هۆکاری سیاسی بێت. گوتیشی پـۆلیسی فڕۆکەخانەی شاری ئەنتالیا دەسـتگیرکردنەکەی پشـتڕاستکردووەتەوە.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆچێ ڤێلەی ئەڵمانیا بە لایەنی کەم 4 لەوانەی دەسـتگیرکراون خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی ئەڵمانی و تورکین.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ شتێفن زایبەر گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا داوای لە ئەنکەرە کرد هەموو ئەو هاوڵاتیە ئەڵمانیانەی دەسـتیگریکردوون ئازادیان بکات، لەوانە ڕۆژنامەوان دێنیز یوجەلی کە لەدایکبووی ئەڵمانیایە و پەیامنێری ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیا بوو لە تورکیا. جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ 200 ڕۆژ بەسەر دەسـتگیرکردنی دێنیز یوجەل تێپەڕدەبێت.

XS
SM
MD
LG