Accessibility links

حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری گواستنەوەی هێزەکانی لە تورکیا بەرەو ئوردن دەدات

  • VOA News

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دەڵێت لەشکری وڵاتەکەی بڕیاری دا هێزەکانی لە بنکەی لەشکری ئنچەرلیکی تورکیاوە بۆ بنکەیەکی لەشکری وڵاتی ئوردن بگوێزێتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە وتووێژەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئەنکەرە شکستیان هێنا.

پـێشتر زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ مەولود چاوش‌ئۆغڵو هاوتا تورکەکەی کۆبووەوە و پاشان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبوونەوەیەکی داخراویان ئەنجام دابوو و بەپـێی میدیاکانی تورکیا بۆ ماوەی یەک کاژمێر درێژەی کێشابوو.

تورکیا دەڵێت ڕێگە نادات پەرلەمانتارانی ئەڵمانی سەردانی سەربازە ئەڵمانەکان لە بنکەی ئنچەرلیک بکەن، دەڵێت ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانە لایەنگری پەکەکەن. ئەڵمانیاش دەڵێت ئەم بڕیارەی تورکیا جێی قبوڵ نیـیە، چونکە لەشکری ئەڵمانیا لە ژێر سەرپەرشتی پەرلەماندایە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پاش کۆبوونەوەکان بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە جگە لە گواستنەوەی هێزەکانی لە تورکیا.

پاش شکستهێنانی هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئورزولا ڤۆن دێر لییەن وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە بەرلین گوتی حکومەتی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە کۆبووەتەوە و بڕیاری دا ئەو 280 سەربازەی کە لە ئنچەرلیکن لەگەڵ 10 هەزار تۆن لە کەلوپەلی لەشکری بگوێزیتەوە و ئامادەیە بەرەو بنکەی لەشکری ئەزرەقی بەرێت کە لە وڵاتی ئوردنە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد شا عەبدوڵڵای ئوردن پشـتیوانی لەو گواستنەوەیە دەکات.

گوتیشی جێی قبوڵ نیـیە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا نەتوانن سەردانی سەربازانی وڵاتەکەیان بکەن.

ئەو سەربازانەی ئەڵمانیا لە ئنچەرلیک سەرپەرشتی 6 فڕۆکەی جۆری تۆرنادۆیان دەکرد کە هەڵدەستان بە ئەرکی دیدەوانی لە ئاسمانی سوریا و عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش.

XS
SM
MD
LG