Accessibility links

ئەڵمانیا: ئەگەر تورکیا ڕێگە بە سەردانی سەربازەکانمان نەدات ڕەنگە ئنچەرلیک جێبهێڵین


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند حکومەتی وڵاتەکەی ڕەنگە بڕیار بدات ئەو سەربازە ئەڵمانیـیانەی لە بنکەی ئنچەرلیکی تورکیادان بەرەو بنکەیەکی لەشکری لە وڵاتێـکی دیکەی ناوچەکە بگوێزرێنەوە.

ئەنگێلا مێرکڵ ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەرلین ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارێـکی تورکیا دەربڕی کە تیایدا ڕێگەی نەدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانی سەردانی سەربازانی وڵاتەکەیان لە بنکەی ئنچەرلیک بکەن.

خانم مێرکڵ گوتی هەوڵی خۆیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەدەن تاوەکو لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە، بەڵام هاوکات تاووتوێی مەسەلەی گواستنەوەی سەربازەکانیان لە تورکیا بۆ وڵاتێـکی دیکەی ناوچەکە دەکەن، لەوانە ئوردن.

گوتیشی لەشکری ئەڵمانیا لەشکری پەرلەمانە، بۆیە زۆر گرنگە پەرلەمانتاران بتوانن سەردانی سەربازەکان بکەن. بەپـێی دەستوری ئەڵمانیا لەشکر لە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمانە نەک حکومەت.

هاوکات مارتن شیفەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی حکومەتی وڵاتەکەی هەرگیز قایل نابێت پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی نەتوانن سەردانی سەربازەکانیان بکەن. گوتیشی زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوە ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا دەبێت و لەوێ لەگەڵ ژمارەیەک لە کاربەدەسـتانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ تاووتوێی ئەم مەسەلەیە دەکات.

لە لایەکی دیکە پارتی سۆسیالیست دیموکراتی ئەڵمانیا کە لە ناو هاوبەندی حکومەتدایە لەگەڵ پارتی چەپڕەو کە ئۆپـۆزسیۆنە، هەردووکیان داوایانکردووە دەسـتبەجێ هێزەکەی ئەڵمانیا لە تورکیا بکشێتەوە.

ئەڵمانیا نزیکەی 250 سەربازی لە بنکەی ئنچەرلیکە هەیە و لەوێ سەرپەرشتی 6 فڕۆکەی دەکەن کە لە جۆری تۆرنادۆن و هەڵدەستن بە ئەرکی دیدەوانی لە ئاسمانی سوریا و عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش.

تێکچوونی پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا لە ساڵی ڕابردووەوە دەسـتیانپـێکرد پاش ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری دا کوشتنی بە کۆمەڵی ئەرمەنەکان لە میانەی شەڕی یەکەمی جیهانی بە دەسـتی عوسمانیـیەکان جینۆساید بووە.

تورکیاش لای خۆیەوە کەوتە ڕێگەگرتن لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانی لەوەی سەردانی سەربازانی وڵاتەکەیان لە ئنچەرلیک بکەن و هەروەها ڕۆژنامەوانانی ئەڵمانی دەسـتگیرکرد. پاشان ئەڵمانیا کەوتە دروسـتکردنی کۆسپ لە بەردەم هەڵمەتەکانی تورکیا بۆ دەنگدان لە ڕیفراندۆمەکەی تایبەت بە گۆڕینی دەسـتور، ئەوەی لە مانگی چواردا ئەنجام درا. هەفتەی ڕابردووش میدیاکانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند زیاتر لە 400 تورک داوای مافی پەنابەریـیان لە ئەڵمانیا کردووە کە ژمارەیەکیان ئەفسەر و دیپلۆماتکار و دادوەر بوون.

XS
SM
MD
LG