دەسەڵاتدارانی دادوەری ئەڵمانیا دەڵێن دەسـتیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هەوڵی کوشتنی یاریزانێکی تۆپی پـێ کە ناسراوە بەوەی لایەنگری کوردە.
یاریزان دێنیز ناکی تەمەن 28 ساڵ کە لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک کوردی تورکیایە، شەوی یەکشەممە کاتێک بە ئۆتۆمبیلەکەی لە جادەیەکی خێرای نزیک شاری دیوورێن لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا دەڕۆیشت، لە ئۆتۆمبیلێکی ڤانی ڕەشەوە تەقەی لێکراوە، بەڵام بەری نەکەوتووە و ناچار لایداوە و وەستاوە.
دێنیز بە ڕۆژنامەی Die Welt ی ئەڵمانی گوتووە لە ژیانیدا هێندە نەتراسابوو، گوتوشیەتی گولـلەیەک بەر شوشەیەکی ئۆتۆمبیلەکەی کەوتووە و گولـلەیەکیش لە نزیک تایەکی ئۆتۆمبیلەکەی داوە.
جێی ئاماژەیە مانگی چواری ساڵی 2017 دادگایەکی تورکیا بڕیاری یەک ساڵ و نیو زیندانی بۆ دێنیز دەرکرد بە تۆمەتی ڕەخنەگرتن لەو هێرشانەی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا لە ناوچە کوردیـیەکان ئەنجامی دەدەن.