Accessibility links

ئەڵمانیا داوا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات کۆبوونەوەیەک لەسەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین سازبکات


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کرد کۆبوونەوەیەک لە بارەی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین سازبکات و دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە زۆر نیگەرانە.

زیگمار گابرێل ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی" داوام لە سکرتێری گشتی ناتۆ کردووە لە ناو هاوپەیمانێتیـیە وتووێژبکرێت لە بارەی سوریا و باکوری ئەو وڵاتە."

باسی لەوەش کرد بەرلین کۆمەڵێک مۆڵەتی هەناردەکردنی چەکی بۆ تورکیا ڕاگرتووە کە پـێشتر بڕیاربوو بدرێن. لەگەڵ ئەوەش بڕیاردراوە لە ئێستادا پەرە نەدرێت بەو تانکانەی ئەڵمانیا بە تورکیای داون و لە هێرشی سەر عەفرین بەکاردەهێنرێن.

بەر لە هێرشی سەر عەفرین بەرلین بەڵێنی بە ئەنکەرە دابوو کاربکات بۆ پەرەپـێدانی ئەو تانکانە کە لە جۆری لیۆپاردن. دەڵێن ژمارەیان 300 تانکە و پەرەپـێدانەکەش بۆ مەبەستی پاراستنی ئەو تانکانە بوو لە مین و بۆمبی چێنراو.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەشێکی لێدوانەکانی گوتیشی بەرلین و پاریس لەگەڵ ئەوەدان پەرەپـێدان بە شەڕەکان ڕابگیرێن و ڕێگە بدرێت بە گەیاندنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان و خەڵکی سیڤیل بپارێزرێن.

XS
SM
MD
LG