Accessibility links

بڕیارە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە ئەنکەرە لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا کۆببێتەوە


بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە گەورە دیپـلۆماتی ئەڵمانیا لە ئەنکەرە لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا وتووێژبکات. دەڵێن لە بارەی ئەو چەکە ئەڵمانیانەیە کە لە هێرشی سەر عەفرین بەکاردەهێنرێن.

ماریا ئادێبار گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی مارتن ئەردمان باڵیۆزی ئەڵمانیا بۆ تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ نورەدین جانیکلی وەزیری بەرگری تورکیا کۆدەبیتەوە بۆ وتووێژکردن لە بارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی کەل‌وپەلە لەشکریەکان.

حکومەتی ئەڵمانیا کەوتووەتە ژێر فشاری پارتەکانی ئۆپـۆزسیۆن و بەشێک لە خەڵکی وڵاتەکەی، ئەمەش پاش ئەوەی لەو وێنە و ڤیدیۆیانەی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین بڵاوکراونەتەوە، تانکی جۆری لیۆپارد 2 ی ئەڵمانی بینراوە.

هەردوو پارتی چەپ و سەوزی ئەڵمانیا دوێنێ سێشەممە ناڕەزایی خۆیان دەربڕی لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا و داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کرد هەناردەی چەکی وڵاتەکەیان بۆ تورکیا ڕابگرێت. هەروەها ڕەخنەیان لە حکومەتی ئەنگێلا مێرکڵ گرت و گوتیان لە ئاست ڕەفتارەکانی ئەڵمانیا نەرمە و هەڵوێستی پـێویست وەرناگرێت.

پارتی چەپ بەیانـنامەیەکی لە بارەی لەشکرکێشیـیەکەی تورکیا بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی تورکیا بەم ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیە یاسای نێودەوڵەتی پـێشێلدەکات.

جێی ئاماژەیە ئەڵمانیا لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2011 زیاتر لە 354 تانکی جۆری Leopard 2 ی بۆ تورکیا ناردووە.

XS
SM
MD
LG