پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت بەهۆی لادانی شەمەندەفەرێکەوە لەسەر هێڵەکەی لە نزیک هاوینەهەواری باڤاریان ئاڵپاین پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، ئەمەش دوای ئەوەی لاشەیەکی دیکە لە شوێنەکەدا دۆزرایەوە.
لێکۆڵەرەوان بە عەرەبانەکانی شەمەندەفەرە تێکشکاوەکەدا دەگەڕان بۆ قوربانییەکان و دۆزینەوەی بەڵگەش لەسەر هۆکاری ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی لە نزیک گارمیش پارتینکیرشین، کە وابڕیارە لە کۆتایی مانگی شەشدا میوانداری کۆبوونەوەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت بکات.
جێگری سەرۆکی پۆلیسی ناوچەکە فرانک هێڵویگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەم ساتەدا باوەڕ ناکەین قوربانی زیاتر هەبێت، بەڵام ناتوانم بەدڵنیاییەوە ئەوە بڵێم."
وتیشی چوار قوربانییەکە ئافرەت بوون و 44 کەسی دیکەش برینداربوون، هەندێکیان منداڵ بوون.
وەزیری گواستنەوەی ئەڵمانیا ڤۆڵکەر ویسینگ سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و وتی " بینینی ئەو زیانە گەورەیەی کەوتۆتەوە کاری زۆری تێکردم."
وتیشی " بەردەوام دەبین لە لێکۆڵینەوەکان و لە کۆتاییدا دەزانین چی ڕوویداوە."
بڕیارە لە 26-28 ی مانگی شەشدا، ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت، بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیشەوە، لە شلۆس ئیلماو کۆببنەوە کە 11 کیلۆمەتر لە گارمیش پارتینکیرشینەوە دوورە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا