Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت سیستمی بەرگری ئاسمانی دەدات بە ئۆکرانیا


سیستمی بەرگری ئاسمانی (IRIS-T SLM)
سیستمی بەرگری ئاسمانی (IRIS-T SLM)

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت لە سەردانەکەیدا بۆ ئۆدێسای ئۆکرانیا ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەڵمانیا یەکەمین سیستمی بەرگری ئاسمانی ئایریس – تی دەدات بە ئۆکرانیا و دواتریش سێ سیستمی دیکەی لەو جۆرەی دەداتێ.

لە کاتێکدا کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانی لێدەدرا، لامبرێخت لە پەناگەیەکی ژێرزەمیندا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤدا کۆبۆوە.

لابرێخت بە کەناڵی ئەی ئاڕ دی وت " لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی (IRIS-T SLM) دەدەین بە ئۆکرانیا. زۆر گرنگە بە تایبەتی بۆ بەرگری دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان."

لە مانگی پێنجدا ئەڵمانیا ڕایگەیاند بە نیازە سیستمی بەرگری ئاسمانی ئایریس – تی بدات بە ئۆکرانیا کە یەک سیستمی بە 150 ملیۆن یۆرۆیە.

هێشتا ئەو سیستمە نەدراوە بە هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین سیستمەکان لە جیهاندا.

ئەڵمانیا داوای لێدەکرێت لە ڕووی سەربازییەوە پشتیوانییەکی زیاتر لە ئۆکرانیا بکات، ئەوەش لەڕێی ڕەوانەکردنی چەکی هێرشبەری وەکو تانکی پێشکەوتووەوە کە کیێڤ دەڵێت پێویستییەتی بۆ ئەوەی شەڕەکە بباتە لای هێزەکانی ڕووسیا.

بەرلین تاوەکو ئێستا ئەو جۆرە تانکانەی نەداوە بە ئۆکرانیا و دەڵێت دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و ئاماژەشی بەوە داوە هیچ وڵاتێکی دیکە تانکی پێشکەوتووی نەناردووە بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG