Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت بوونمان لەڕووی دیبلۆماتیەوە لە کابوڵ پەیوەستە بە مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشەوە


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی وڵاتەکەی ئامادەیە دووبارە ئەرکە دیبلۆماتیەکانی لە کابوڵ دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر تاڵیبان کۆمەڵێک مەرجی تێدا ببینرێت.

ماس لە سلۆڤینیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەمانەوێت حکومەتێکی هەمەلایەن لە کابوڵ ببینین، ڕێزگرتن لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ و ئافرەتان، هەروەها نابێت ئەفغانستان دووبارە ببێتەوە بە شوێنی دروستبوونی تیرۆری نێودەوڵەتی."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس لە سلۆڤینیایە و لەوێ لەگەڵ هاوتاکانی لە یەکێتی ئەوروپادا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەفغانستان دەکەن.

ماس وتی " ئەگەر ئەم مەرجانە ببینرێن و ڕەوشی ئاسایش گونجاو بێت، ئەوا دووبارە دەستدەکەینەوە بە ئەرکە دیبلۆماتیەکانمان لە کابوڵ."

بەپێچەوانەی ڕوسیا و چینەوە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ڕۆژئاوا باڵیۆزخانەکانیان لە کابوڵ داخستووە.

کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوابەدوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری یەکێتیەکە دێت کە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لەو ڕێگایانە کرد کە دەکرێت بگیردرێنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە قەیرانەکان تاوەکو لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچن.

ماس وتی " واقعێکی نوێ هەیە لە ئەفغانستان، حەزمان لێیبێت یان نا، کاتی ئەوەمان نیە برینەکانمان بپێچینەوە، ئەگەر بڕیار بێت یەکێتی ئەوروپا ڕۆڵێکی هەبێت، کە دەبێت هەیبێت، دەبێت بەخێرایی بجوڵێین و بەخێرایی هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر ئەفغانستان بدۆزینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG