Accessibility links

ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی بۆ بنیادنانەوەی سوریا دەردەبڕێت


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە بەشداری لە بنیادنانەوەی سوریا بکات، ئەگەر بێت و بە چارەسەریـیەکی سیاسی بگەن و بە دوایدا هەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجام بدەن.

هایکۆ ماس ئەمڕۆ هەینی بەر لەوەی لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیایـیەکەی کۆببێتەوە، لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئەگەربێت و چارەسەریـیەکی سیاسی لە سوریا بێتە ئاراوە کە هەڵبژاردنێکی ئازادی لێبکەوێتەوە، ئەوا ئێمە بەرپـرسیارێتی بینیادنانەوەی لە ئەستۆدەگرین. لە بەرژەوەندی ئێمەیە سوریا ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر. بۆیە لە سەرمانە بنیادی بکەینەوە. ڕۆڵێکی گرنگمان لەم بوارە دەبێت تاوەکو ئەنجامی بدەین."

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەم لێدوانەی هایکۆ ماس وەڵامدانەوەی ئەڵمانیایە بۆ داواکەی ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کە لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا داوایکردبوو یەکێتی ئەوروپا بەشداری دارایی بکات لە بنیادنانەوەی سوریا تاوەکو ئەو ملیۆنان ئاوارە سوریایـیەی هەن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ‌وحاڵیان.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نووسیویەتی" ئێمە دەزانین چ گەمەیەک لە سوریا دەگوزەرێت. مەسەلەکە پەیوەستە بەوەی نەهێڵین خراپتر ڕووبدات، ئەویش کارەساتێکی نوێی مرۆیی‌یە. ئەمڕۆ بە هاوڕێ ڕووسیایـیەکەم لاڤرۆڤ دەڵێم هێرشی گەورە نەکرێتە سەر ئیدلیب."

لە ئێستادا حکومەتی سوریا بە نیازە بە پاڵپشتی ڕووسیا هێرشێکی فراون بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلیب و دەوروبەری، ئەمەش شیانی هەیە ببێتە مایەی ئاواربوونی بە سەدان هەزار کەس.

لەوەتای ڕاپەڕێن و شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 وە دەسـتیپـێکردووە بە سەدان هەزار سوریایی وەک پەنابەر ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە.

XS
SM
MD
LG