Accessibility links

داواکاری گشتی ئەڵمانیا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کاربەدەسـتێکی سوریا دەردەکات


داواکاری گشتی ئەڵمانیا فەرمانی دەسـتگیرکردنێکی نێودەوڵەتی بۆ جەنەڕاڵ جەمیل حەسەن بەڕێوەبەری موخابەراتی هێزی ئاسمانی سوریا دەرکرد، ئەمەش بە تۆمەتی کوشتن و ئەشکەنجەدانی سەدان کەس.

ڕۆژنامەی دێرشبیگلی ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە جەنەڕاڵ جەمیل حەسەن کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەمە یەکەم جارە هەوڵێکی ڕژد لە لایەن وڵاتێکی ڕۆژئاوایـیەوە بدرێت بۆ بەرپـرسیارێتیکردنی ڕژێمی ئەسەد لەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵکی سوریا کردوونی لەوەتای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە لە ساڵی 2011 وە دەستیپـێکردووە.

بەپـێی دێرشبیگل داواکاری گشتی ئەڵمانیا لە فەرمانی دەسـتگیرکردنەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە جەنەڕاڵ جەمیل لە نێوان ساڵانی 2011 و 2013 فەرمانی بە ئەفسەرەکانی کردووە دەسـتگیرکراون ئەشکەنجە بدەن و دەسـتدرێژی سێکسیان بکەنەسەر و بیانکوژن.

ڕاپـۆرتەکان باس لەوە دەکەن بەشێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی جەنەڕاڵ جەمیل کراون بەپـێی کۆمەڵە وێنەیەکە کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی قەیسەر دزەی پـێکراوە. ناوبراو لە پـۆلیسی لەشکری سوریا بووە و لە ساڵی 2013 وڵاتەکەی جێهێشتووە و لەگەڵ خۆیدا زیاتر لە 55 هەزار وێنەی بردووە کە تیایاندا تەرمی قوربانیـیەکان نیشان دەدرێن و ئاسەواری ئەشکەنجەدانیان پـێوەیە.

هەرچەندە ئەو تاوانانە لە دەرەوەی ئەڵمانیا کراون، بەڵام بەپـێی یاساکانی ئەڵمانیا دەکرێت کەیسی یاسایی بۆ هەموو تاوانێک بکرێتەوە بەبێ گوێدانە شوێنی ڕوودانی تاوانەکە.

XS
SM
MD
LG