Accessibility links

ئەڵمانیا بۆ سڕبیا: دەبێت لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیادا هەڵبژێریت


سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک
سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک

ئەڵمانیا بە سڕبیا دەڵێت دەبێت بڕیار بدات لەسەر ئەوەی ئایا دەیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا یاخود هاوبەشی دەوێت لەگەڵ ڕووسیادا، ئەمەش دوو ڕۆژ پێش ئەوەی شەش وڵاتی ڕۆژئاوای باڵکان لە بەرلینی ئەڵمانیا تاوتوێی هاریکارییەکی نزیکتر لەگەڵ ئەڵمانیادا بکەن.

وەکو ئاماژەیەک بۆ جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا وتی " پێویستییەکان بۆ بڕیاردان بەپێی پێشهاتە جیۆسیاسییەکان تا دێت زیاتر دەبێت."

سڕبیا کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هاوپەیمانێتی ناتۆوە بۆردومانکرا و ئێستا هەوڵی ئەندامێتی دەدات لە یەکێتی ئەوروپادا، لە مێژە کۆشش دەکات بۆ هاوسەنگی کرد لە نێوان پەیوەندییە نزیکە مێژووییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و خواستەکانی بۆ یەکگرتنێکی سیاسیی و ئابووری لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

نوێنەرەکەی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ڕێکەوتنەکەی نێوان سڕبیا و ڕووسیا لەسەر پەرەپێدان بە هاریکارییەکانی نێوانیان سەرسوڕمان و نائومێدی لێکەوتەوە، هەروەها لە ئاست پێشبینییەکاندا نەبوو چونکە ئەو وڵاتانەی کاندیدن بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دەبێت سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا جێبەجێ بکەن.

سڕبیا کە لە ساڵی 2012 ەوە کاندیدە بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، لە مانگی نۆدا بڕیاریدا ڕاوێژکارییەکی ئاسایی لەسەر سیاسەتی دەرەوە سەبارەت بە چالاکییە دوو لایەن و هەمەلایەنەکان لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجام بدات. ئەو هەنگاوەشی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بۆوە.

نوێنەرەکەی حکومەتی ئەڵمانیا وتی هەستت دەکرد کە سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک بە باشی ئاگاداری هەڵوێستە ناجێگیرەکەی خۆی بووبێت.

وتیشی ئەگەر بڕیار بدات بە ئاڕاستەی یەکێتی ئەوروپا ڕابەرایەتی وڵاتەکەی بکات ئەوا حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیری لێدەکات.

ئاماژەشی بەوەدا " ئەگەر بڕیاریش بدات بە ئاڕاستەکەی دیکەدا بڕوات، ئەوا بە هەمان شێوە دەرەنجامی پێچەوانەشمان دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG