Accessibility links

شۆڵز: ئەڵمانیا سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی گاز لەگەڵ سەنیگالدا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵ
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵ

لە یەکەمین سەردانیدا بۆ ئەفریقا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی ئەڵمانیا دەیەوێت بەشێوەیەکی بەرچاو پڕۆژەی گاز و وزەی نوێکراوە لەگەڵ سەنیگالدا ئەنجام بدات، ئەمەش لەمیانەی کاریگەرییەکانی جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا لەسەر نرخەکانی وزە و خۆراک لە جیهاندا.

شۆڵز گەشتە سێ ڕۆژییەکەی لە سەنیگال دەستپێکرد، سەنیگال ملیاران مەتر چوارگۆشە یەدەگی گازی هەیە و پێشبینی دەکرێت ببێتە بەرهەمێنەرێکی گەورەی گاز لە ناوچەکەدا.

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ئەڵمانیا هەوڵ دەدات پشبەستنی بە گازی ڕووسیا کەم بکاتەوە، شۆڵز دەڵێت لەگەڵ بەرپرسانی سەنیگالدا دەستیکردووە بە گفتوگۆکان سەبارەت بە دەرهێنانی گاز و گازی سروشتی شلکراوە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵدا، شۆڵز وتی " ئەم بابەتە شایەنی ئەوەیە بە چڕی هەوڵی بۆ بدەیت." وتیشی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان لەبەرژەوەندیی هەردوو وڵاتەکەیە.

شۆڵز وتیشی ئەڵمانیا گرنگی دەدات بە پڕۆژەکانی سەنیگال لە وزەی نوێکراوەشدا. بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.

ڕۆژی هەینی بەرپرسێکی حکومەتی ئەڵمانیا وتی ڕەنگە ئەڵمانیا یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی گاز لە سەنیگالدا.

سەرۆکی سەنیگال ماکی ساڵ وتی وڵاتەکەی ئامادەیە کاربکات بۆ دابینکردنی گازی سروشتی شلکراوە بۆ ئەوروپا. پێشبینی ئەوەشی کرد ساڵی داهاتوو سەنیگال بتوانێت 2.5 ملیۆن تەن و تاوەکو ساڵی 2030 ش 10 ملیۆن تەن لە گاز دابین بکات.

ساڵ وتی لەڕووی گەڕان بەدوای گاز و پشتیوانیکردنی دارایی لە پڕۆژەکان و پرسەکانی دیکەشەوە " بەڕووی هەموو ئەوانەدا کراوەین و سوورین لەسەر ئەوەی لەم بارەیەوە لەگەڵ ئەڵمانیادا کاربکەین."

ئەڵمانیا سەنیگال و ئەفریقای باشووری بانگهێشت کردووە تاوەکو وەکو میوان ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوت ببن کە لە مانگی شەشدا بەڕێوەدەچێت.

جێی ئاماژەیە سەنیگال و ئەفریقای باشوور خۆیان بەدوورگرت لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ سەرکۆنەکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

ماکی ساڵ کە لەم ماوەیەدا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەفریقا دەکات، وەکو سەرۆکی یەکێتییەکە وتی زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا نایانەوێت لەم جەنگەدا بچنە پاڵ هیچ لایەنێکەوە.

ساڵ وتی " زۆر ئاشکرایە ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ئێمە کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەین، کار بۆ ئاگربەست دەکەین، بۆ گفتوگۆ، ئەوە هەڵوێستی ئەفریقایە."

ساڵ وتی لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی کیێڤ و مۆسکۆ دەکات.

شۆڵز دواتر ڕۆژی یەکشەممە سەردانی نایجەر دەکات و دواتریش بەرەو ئەفریقای باشوور بەڕێدەکەوێت و دوایین وێستگەی دەبێت لە گەشتەکەیدا بۆ ئەفریقا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG