Accessibility links

شۆڵز پابەندە بە بازرگانی ئازادی نێوان یەکێتی ئەوروپا و هیندستانەوە


سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت لەگەڵ سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدیدا پابەندن بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئازاد لە نێوان هیندستان و یەکێتی ئەوروپادا.

شۆڵز دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مۆدیدا لە نیودەلهی وتی " ئەوە بابەتێکی گرنگە و خۆم بە تایبەتی ئاگاداری دەبم."

ساڵی ڕابردوو هیندستان و یەکێتی ئەوروپا دانوستانەکانیان زیندووکردەوە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئازاد بە ئامانجی ئەوەی تاوەکو ساڵی 2023 گفتوگۆکان تەواو ببن.

بۆ یەکێتی ئەوروپا، ڕێککەوتنێکی بازرگانی ئازاد لەگەڵ هیندستاندا لەگەڵ ستراتیژیییەکەیدا بۆ زیادکردنی پەیوەندییەکانی لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا دەگونجێت، کە لەوێ یەکێتییەکە هەوڵی ڕێککەوتنی دوو لایەنە دەدات بۆ سوود وەرگرتن لە گەشەکردنی پێشبینیکراوی ئابووری لە ناوچەکەدا. هاوکات ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی چینیش دەبێت لە ناوچەکەدا.

سەردانەکەی شۆڵز و شاندی یاوەری بۆ هیندستان ڕۆژێک دوای ساڵیادی یەکەمی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دێت لە ئۆکرانیادا. سەردانەکەش تیشک دەخاتە سەر گرنگی هیندستان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەوڵ دەدەن پشتیوانی هیندستانییان دەستبکەوێت لە دژایەتیکردنی جەنگەکەی ڕووسیادا.

شۆڵز وتی " ساڵێکی تەواوە جەنگەکە بەردەوامە. جەنگێکی ترسناکە و کاولکارییە. کارەساتێکی گەورەیە."

وتی " جیهان بە دەست ئەم دوژمنکارییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئێمە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی جیهان وەکو شوێنێکی باش بمێنێتەوە." وتیشی هاریکاریی نێوان ئەڵمانیا و هیندستان " زۆر زۆر گرنگە."

سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی هەوڵی ئەوە دەدات گفتوگۆکانی کۆمەڵەی حەوت لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دووربخاتەوە. حکومەتەکەی تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە مۆسکۆ نەگرتووە لەسەر داگیرکارییەکەی و لە جیاتی ئەوە داوای گفتوگۆکردن و دیبلۆماسی کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

هەر لە ماوەی جەنگەکەدا، هیندستان بە شێوەیەکی بەرچاو کڕینی نەوتی ڕووسیای زیاد کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG