ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە دەستپێکی سەردانە فەڕمییەکەیدا بۆ یۆنان بانگەشەکانی تورکیای لەسەر سەروەری دوورگەکانی یۆنان ڕەت کردەوە.
پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیسدا، شۆڵز بە ڕۆژنامەی تا نیای یۆنانی گوت " جێی قبوڵکردن نیە " بۆ وڵاتێکی ناتۆ کە گومان لە سەروەری خاکی وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بکات.
هەروەها ڕەخنەشی لە " هەڕەشە سەربازییە " دووبارەوە بووەکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسە باڵاکانی تورکیا گرت دژی یۆنان.
یۆنان و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ماوەی چەند ساڵێکە ناکۆکییان هەیە سەبارەت بە سنوورە ئاوییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە و مافەکانی گەڕان بەدوای وزەدا لە دەریای ئیجە و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەندندا.
لە یەکەم سەردانیدا وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ یۆنان، ڕۆژی پێنجشەممە شۆڵز داوای لە تورکیا و یۆنان کرد " لە ڕێی گفتوگۆ و بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە " ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
لەمدواییانەدا ئەردۆغان یۆنانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " داگیرکردنی " دوورگەکانی ئیجە کە پێگەکەیان لە پەیماننامەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا جێگیر کراوە.
لە وەڵامدا یۆنان تورکیای بە تۆمەتی ئەنجامدانی سەدان چالاکی سەربازیی نایاسایی بەسەر دوورگەکاندا تۆمەتبار کردووە.
مانگی ڕابردوو ئەمەریکا گوتی سەروەری خاکی یۆنان گومانی تێدا نیە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنقەرە ناڕەزایی دەربڕی دژی ڕەوانەکردنی ئوتومبێلی زریپۆشی یۆنانی بۆ دوورگەکانی لیسبۆس و سامۆس.
سەرچاوە/ فرانس پرێس