Accessibility links

ئەڵمانیا دەڵێت هێشتا بڕیاری نەداوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی وێستگە ناوەکییەکانی


حکومەتی ئەڵمانیا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە کە گوایە بڕیاریداوە داخستنی دوایین سێ وێستگە ناوەکییەکەی دوابخات، وتی هەر کە ئەنجامی تاقیکردنەوەی فشارەکانی بەدەست گەیشت ئەو کاتە بڕیاری کۆتایی دەدات.

بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەپێی بڕیارێک کە حکومەتەکەی ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ دەریکردووە وێستگەکان دابخرێن، ئەوەش دوابەدوای کارەساتەکەی وێستگەی ناوەکی فۆکوشیمای ژاپۆن لە ساڵی 2011 دا.

بەڵام گفتوگۆیەکی چڕ لە ئەڵمانیا لە ئارادایە سەبارەت بەوەی ئایا وێستگەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکراوەیی بهێڵدرێنەوە یاخود نا، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە پێشبینی دەکرێت بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی گازی ڕووسیاوە بۆ ئەڵمانیا قەیرانی وزە لە وەرزی زستانی ئەم ساڵدا دروست ببێت.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ لە زاری کۆمەڵێک بەرپرسی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە وێستگەکان بەکراوەیی بهێڵێتەوە. ڕۆژنامەکە گوتی دەبێت بڕیارەکە بە فەڕمی لەلایەن کابینەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزەوە پەسەند بکرێت، هێشتا هەندێک لە وردەکارییەکان لەژێر گفتوگۆدان.

وتەبێژێکی حکومەتی ئەڵمانیا بە ڕۆیتەرزی گوت " هێشتا حکومەت بڕیاری لەسەر ئەوە نەداوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سێ وێستگە ناوەکییەدا بکات کە دوایین وێستگەن مابێتنەوە. هەر کە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی فشارەکانمان بەدەست گەیشت بڕیاری لەسەر دەدرێت."

وتەبێژێکی وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا گوتی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ " هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG