Accessibility links

ئەڵمانیا 2 دیپـلۆماتکاری ڕووسیا دەردەکات


کاربەدەستانی ئەڵمانیا دوو دیپـلۆماتکاری ڕووسیایان دەرکرد، پاش ئەوەی گومان دەکرێت مۆسکۆ لە پشت کوژرانی سەرکردەیەکی پـێشووی چیچانی بێت لە وڵاتەکەیاندا.

سەلیم خان خانگۆشڤیلی تەمەن 40 ساڵ کە هاوڵاتینامەی جۆرجیای هەبوو، لە 23 ی مانگی هەشت لە پارکێکی بەرلین لەلایەن کەسێکەوە لە نزیک 2 گولـلە نرا بەسەریـیەوە و گیانی لەدەست دا. پاش ماوەیەکی کورت تاوانبارەکە دەستگیرکرا و دەرکەوت کەسێکی ڕووسیـیە.

بەپـێی گەواهیدەران تاوانبارەکە لەسەر پاسکیلێک بووە و پاشان بینراوە پاسکیلەکەی و دەمانچەکەی فڕێ داوەتە ناو ئاوی ڕووباری شبری نزیک پارکەکە. هەروەها پـۆلیس باڕۆکەیەکی لەو نزیکانە دۆزیوەتەوە کە پـێدەچێت تاوانبارەکە لەسەری کردبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی هەبێت لە کوشتنی سەلیم خان و گوتی بەم زووانە مۆسکۆ کاردانەوەی دەبێت لە بەرامبەر دەرکردنی ئەو دوو دیپـلۆماتکارە.

XS
SM
MD
LG