Accessibility links

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕوسیا بە مەترسیدار دەزانێت


بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئەڵمانیا " بی ئێن دی " برونۆ کاڵ وتی دەبێت ڕوسیا بە مەترسییەکی چاوەڕوانکراو دابنرێت و نابێت وەکوو هاوبەش سەیری بکرێت لە دروستکردنی ئاسایشی ئەوروپادا و ئەو مانۆڕە سەربازییە گەورەیەی کە لە هاویندا ئەنجامیدا دەریخست بە بەشێوەیەکی ئێجگار زۆر هێزە چەکدارەکانی پەرەی پێدراوە کە جێی مەترسییە.

ئەم لێدوانەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کە دەزگای هانز زایدڵ لە میونخ سازی کردبوو.

ئەم ئاگادارکردنەوەیەش دوای ئەوە دێت کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوت کە ڕوسیا هەوڵیداوە دەست وەربداتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە لە ساڵی 2016دا و هەروەها لەلایەن وەزیرانی ئیسپانیاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە ڕوسیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەکارهێناوە بۆ هاندانی هاوڵاتیان تاوەکوو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن لە هەرێمی کەتەلۆنیادا و هەروەها هەوڵیداوە سەقامگیری لە ئیسپانیادا تێک بدات.

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە دەستی وەردابێتە هیچ هەڵبژاردنێکەوە و ڕۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیانەوێت ناوبانگی بشێوێنن.

کاڵ وتی ئەوەی گرنگە بۆ ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا کە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سەرکردایەتی دەکات ئەوەیە کە دەبێت لەنزیکەوە چاودێری پەرەپێدانی سەربازیی ڕوسیا بکرێت.

کاڵ وتیشی ئامانجەکانی ڕوسیا ئەمانە دەگرێتەوە " بێهێزکردنی یەکێتی ئەوروپا و پاشەکشە پێکردنی ئەمەریکا. ئەمەش مانای ئەوەیە ڕوسیا مەترسییەکی چاوەڕوانکراوە لەوەی کە هاوبەشمان بێت لە دروستکردنی ئاسایشی ئەوروپادا."

وتیشی هەڕەشەی ڕوسیا بۆ سەر ئەڵمانیا لەو کاتەوە زیادی کردووە کە مۆسکۆ موشەکی مەودا کورتی لە کالینینگراد بڵاوکردۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG