Accessibility links

ئەڵمانیا: دوای کوشتارییەکانی بوچا، ڕۆژئاوا ڕێکدەکەون لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا


ڕۆژی یەکشەممە ئەڵمانیا ڕایگەیاند ڕۆژئاوا لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێکدەکەون لەسەر سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیا، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە نزیک کیێڤی پایتەخت.

لە ئێستادا بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە ئابووری ڕووسیا ڕووبەڕووی مەترسیدارترین قەیران بووەتەوە کە لە دوای ساڵی 1991 ەوە کاتێک کە یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا، یەکەمین جارە ڕووبەڕووی قەیرانێکی لەوشێوەیە بووبێتەوە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیشی سزای توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.


ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا ڕەتی کردەوە هێزەکانی بەرپرس بووبێتن لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچا و وتی ئۆکرانیا ئەمەی بۆ ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا دروست کردووە.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی " پوتن و لایەنگرانی هەست بە دەرەنجامەکانی کارەکانیان دەکەن."

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستین لامبرێخت وتی دەبێت یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی کۆتایی هێنان بە هەناردەی گازی ڕووسیا بکەن.

ئەڵمانیای گەورەترین ئابووری ئەوروپا تاوەکو ئێستا داواکانی بۆ ئابڵوقەدانی هەناردەی وزەی ڕووسی ڕەت کردۆتەوە، دەڵێت ئابووری ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا زۆر پشتیان بە وزەی ڕووسیا بەستووە. ڕووسیا لە سەدا 40 ی گازی ئەوروپا دابین دەکات.

ئەمەریکا دەڵێت ئەوانەی بەرپرسن لە هەر تاوانێکی جەنگ دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڕیتانیاش دەڵێت سزاکانی سەر ڕووسیا زیاتر دەکات و فەڕەنساش سەرکۆنەی " سوکایەتییە گەورەکەی " ڕووسیای کرد لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG