Accessibility links

ئەڵمانیا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی گەندەڵی سەبارەت بە پـێدانی مافی پەنابەرێتی


دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەسـتیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی گەندەڵی کە گومان دەکرێت تیایدا زیاتر لە 1200 کەس کە زۆربەیان ئێزیدین مافی پەنابەرێتیان پـێدرابێت بەبێ ئەوەی شایستەی بن.

کلودیا کوێکە گوتەبێژی ئۆفیسی داواکاری گشتی لە برێمنی باکوری ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئاشکراکردووە و گوتویەیتی بەڕێوبەرەی ئۆفیسی هەرێمی لە برێمن ئەو فەرمانبەرەیە کە بە گەندەڵیـیەکە گومانبارە. لەگەڵ ئەویشدا 3 پارێزەر و وەرگێڕێک و کەسێک کارەکانی ڕێکخستبوو لە کەیسەکە تۆمەتبارن. گوتیشی چەندان مانگە دەزگا بەرپـرسەکان زانیاری لەسەر کەیسەکە کۆدەکەنەوە.

هەروەها بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆچێ ڤێلێی گوتووە لە ئێستادا 6 کەس لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لێکۆڵەرەوان لە هەردوو ڕۆژی چوارشەممە و پـێنجشەممە داویانە بەسەر هەشت شوێن لە برێمن و سەکسۆنیای خواروو تاوەکو بەڵگە لەسەر کەیسەکە کۆبکەنەوە. ئۆفیسەکانی تایبەت بە پارێزەرەکان لە نێو ئەو شوێنانە بوون کە پـشکنینیان تیایانداکرابوو.

بەپـێی میدیاکانی ئەڵمانیا بەرتیل دراوە لە بەرامبەر پـێدانی مافی پەنابەرێتی و جاری وەهاش هەبووە بە دەعوەتێکی ڕێستورانت داوای پەنابەرێتیـیەکەیان پەسەندکردووە.

کەناڵی NTV ی ئەڵمانی دەڵێت نزیکەی 2000 کەیسی داوای مافی پەنابەریـیە کە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2017 پەسەندکراون و گومانیان لێدەکرێت، بەڵام لە ئێستادا باس لە 1200 کەیس دەکرێت.

ئاژانسی دۆچێ ڤێلێی دەڵێت زۆربەی ئەوانەی مافی پەنابەرێتیـیەکەیان پـێدراوە ئێزێدی سوریان.

XS
SM
MD
LG