ڕۆژی سێشەممە نزیکەی هەزار پۆلیس لە ئەڵمانیا و لیتوانیا و ئۆکرانیا ئەرکێکیان ئەنجامدا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تاوانێکی ئەلیکترۆنی پەیوەست بە ماڵپەڕێکەوە کە لەو ماڵپەڕەدا وردەکاری سەبارەت بە چۆنێتی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی و مادە هۆشبەرەکان خراوەتەڕوو.
پۆلیسی شاری گۆتنگنی ئەڵمانیا ئەرکەکانی ڕێکخست و لەمیانەی ئەو ئەرکەدا 34 بینا پشکنینیان بۆکراوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ 22 گومانلێکراودا کردووە و دەستیان گرتووە بەسەر 127 کیلۆگراممادەی کیمیایدا کە بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی تەقەمەنی و ئامێری تەقاندنەوە.
هەروەها پۆلیس دەستی گرتووە بەسەر چەک و تەقەمەنی و ماددەی کیمیایی بۆ دروستکردنی مادە هۆشبەرە پیشەسازییەکان.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی ماڵپەڕەکە سێ هەزار ئەندامی هەیە و لە ساڵی 2018دا 360 ئەندامیان چالاک بوون.
ئێستا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە هەڵسوڕێنەرانی ماڵپەڕەکە و بەکارهێنەرەکانی دەکەن و گومانی ئەوەیان لێدەکرێت تاوانی پەیوەست بە هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەرەوە ئەنجامدابێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز