ڕۆژی سێشەممە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا لە کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆوە و وتی شەڕی دژ بە داگیرکەرە ڕووسییەکان شەڕێکە لەجیاتی ئازادییەکانی جیهان دەکرێت، بەم سەردانەشی فشارەکانی سەر ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزی زیاتر کرد تاوەکو شۆڵز سەردانی ئۆکرانیا بکات و لە کیێڤ دەربکەوێت.
سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا لە ئێستادا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چەکێکی زۆر ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام ڕەخنەیەکی زۆر لە بەرلین گیراوە لەسەر ئەوەی سەرەتا پێش ئەوەی چەکە قورسەکان ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات دوودڵ بووە، هەروەها لە سەرەتاشدا پشتیوانی لە گفتوگۆکردن دەکرد لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا.
ڕابەری حیزبی کریستیان دیموکراتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا فرێدریک مێرز کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆی ڕابردوودا شکستی هێنا، وتی باسی سەردانەکەی بۆ ئۆکرانیا بۆ شۆڵز دەکات. مێرز لە گەشتەکەیدا سەردانی شارۆچکەی ئیرپینی کرد کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە وێران بووە و دواتر بەرەو کیێڤ بەڕێکەوت تاوەکو لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆببێتەوە.
مێرز سەبارەت بە کاولکارییەکە وتی " ئەم وێنانە شتێک نین بەخێرایی لەبیرت بچنەوە. بینینی ئەو وێنانە تەنها لە تەلەفیزیۆنەوە بەس نیە، دەبێت بە تایبەتی بیبینیت تاوەکو لە فراوانی ئەم تراجیدیایە تێبگەیت."
وتیشی " ڕاوێژکار ئۆلاف شۆڵز ڕاست دەکات کاتێک دەڵێت لێرەدا تەنها بەرگری لە ئۆکرانیا ناکرێت بەڵکو بەرگری لە دیموکراسی و ئازادیش دەکرێت."
لە ئێستادا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ڕووبەڕووی داواکان بووەتەوە بۆ سەردانیکردنی ئۆکرانیا، وەکو چۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن سەردانییان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا لە ئۆکرانیا دەڵێت ئەمە شەڕی ئێمەیە
