Accessibility links

شۆڵز یەکەمین تێرمیناڵی گازی شلی لە ئەڵمانیا کردەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز یەکەمین تێرمیناڵی گازی شلی ئەڵمانیای کردەوە، ڕاشیگەیاند ئەو خێراییەی کە تیایدا تێرمیناڵەکە دروستکرا ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی ئەڵمانیای گەورەترین ئابووری ئەوروپا هێشتا بەهێزە.

هەریەک لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک و وەزیری دارایی ئەڵمانیا کریستیان لیندنەر ئامادەی کردنەوەی تێرمیناڵەکە بوون لە بەندەری ڤیلهامسهاڤن لە دەریای باکوور، ئەوەش وەکو نیشانەیەک لەسەر ئەو گرنگییەی کە ئەڵمانیا دەیدات بە دروستکردنی چەندین تێرمیناڵی نوێی گازی شل کە لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا هەوڵ و کۆشش دەدات بۆ دروستکردنییان.

تێرمیناڵەکان بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی وزە، هاوکات لە هەمان چوارچێوەدا ئەڵمانیا بەکارهێنانی نەوتی کۆن و وێستگەکانی کارەبای خەڵوزی چالاک کردۆتەوە و ماوەی کارکردنی دوایین سێ وێستگە ئەتۆمییەکەی ئەڵمانیای درێژتر کردۆتەوە بۆ تاوەکو ناوەڕاستی مانگی چوار کە دەبوو لە کۆتایی ئەم ساڵدا دابخرێن.

چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، شۆڵز ڕایگەیاند حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە بە خێرایی دوو تێرمیناڵی یەکەمی گازی شل دروست بکرێت.

شۆڵز لە مەراسیمەکەی ڕۆژی شەممەدا وتی " کاتێک ئەوەمان وت، بۆ نموونە، ئەو جۆرە تێرمیناڵە دەبێت لێرە لە ڤیلهامسهاڤن لەم ساڵدا دروست بکرێت، زۆرێک وتیان ئەوە هەرگیز ڕێی تێناچێت، ئەوە هەرگیز سەرکەوتوو نابێت. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست بوو."

بڕیارە لەم زستانەدا دوو تێرمیناڵی دیکە بکرێنەوە، پێشبینی دەکرێت سێ تێرمیناڵی دیکە لە زستانی ساڵی داهاتوودا ئامادە ببن. شۆڵز وتی کۆی توانای ئەو تێرمیناڵانە زیاتر لە نیوەی توانای ئەو بۆری گازەی ڕووسیا دەبێت کە زستانی ڕابردوو گازی پیادا ڕەوانەی ئەڵمانیا کراوە.

پڕۆسەی خاوی پلانەکان ماوەیەکی زۆرە جێی نیگەرانی بووە لە ئەڵمانیا. شۆڵز وتی " ئەمە خێرایی نوێی ئەڵمانیایە کە بەو خێراییە ژێرخانەکەمان بەرەو پێشەوە دەبەین."

وتیشی " ئەمە ڕۆژێکی خۆشە بۆ وڵاتەکەمان و ئاماژەیەکی باشە بۆ هەموو جیهان کە ئابووری ئەڵمانیا بە بەهێزی دەمێنێتەوە، بۆ بەرهەمهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئاستەنگییەدا."

هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەڵمانیا بە گازی ڕووسیا پێش ئەو کاتەش دەستیپێکردبوو کە ڕووسیا دەستیکرد بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی گاز لە ڕێی بۆری گازی نۆرد ستریم 1 ەوە بۆ ئەڵمانیا، کە هێڵی سەرەکی گواستنەوەی گازی ڕووسی بوو بۆ ئەڵمانیا. ڕووسیا لە نیوە زیاتری گازی سروشتی ئەڵمانیای دابین دەکرد، لە سەرەتای مانگی هەشتەوە تاوەکو ئێستا گازی هەناردەی ئەڵمانیا نەکردووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG